Thursday, May 17, 2012

 ڕێگا دوورە و کورت دەنوێنێ / لە گەڵ یەکەم تیشکی هەتاو هەنگاوەکان لە دایک بوون  /   ئەستێرەکان ڕووناکی ڕێن /  ڕێگا دوورە و تراویلکەکانی بیرم شۆراونەوە / باڵەندەکەی ناو خەیاڵم ملوانکەی بە گوڵ چندراوی پێیە / ڕێگا دوورە و پێوانی ڕێ ئاوێتەی سەوزایی و نوورە /  ئاسمانی ئەم مەڵبەندە دەستم دەگرێ بۆ هەڵفڕین / ئاسمانی ئەم مەڵبەندە پڕاوپڕە لە ئازادی بۆ هەرمانبوون /  ڕێگا دوورە و چەقڵی ڕێگام گوڵی سوورە /  هەنبانەکەم تەژی کاتە، پڕی ڕۆژە / هەنگاوەکان بەردەوامن، کورتی ڕێگا دەکێشنەوە.

بەیان فەرشی

Wednesday, May 16, 2012

لە یەکەم چرکەکانی بەرەبەیاندا و لە گەڵ یەکەم تیشکی هەتاو لە دایک دەبمەوە  ...

بەیان فەرشی

Saturday, April 28, 2012

. . .

 لە کۆتایی بێبڕانەوەوە / بەرەو سەرەتای هەتاهەتایی هەنگاو هەڵدێنمەوە / کەسنەزانێکی کاکی بە کاکییە / بێ سنووربوون بێبڕانەوەیە / بێ سنووربوون بێسنوورە لەم پانایییە بێکۆتاییەدا / جەستەی هەڵوەدای بیرێکی سنوورڕێژکراوی بێسنوور لە ئامێزی بێبڕانەوەدا / لە بێسنووری ئەم پانایییە تەنگەبەرەدا / کەسنەزانێکی بێبڕانەوەی ئەم بێکۆتایییەیە.  


بەیان فەرشی

Friday, April 27, 2012





بگەڕێوە و سەرهەڵبڕە / لە دەلاقەی ئاسمانی بیری منەوە / ژیانی بوون / هەناسەی یەکسانی دەدا!

بەیان فەرشی

Thursday, April 26, 2012

 دایە گیان، جارێک گوتت / ژیان وەکوو شانۆ وایە! / بەڵام شانۆکانی سەر سەکۆی شانۆکەی من / باسی ڕاستی ناگێڕنەوە / شانۆگێڕان دەورگێڕی پشتی پەردەن  /  جار نە جارێ لەوە دەچێ / شانۆکەی تۆ و شانۆکەی من / هەر هەڵگری یەک چیرۆکن!

بەیان فەرشی

Tuesday, April 24, 2012

تا کۆتایی ئەم ئاسمانە خودا تەواوبوونی نییە / تا تۆ هەبی خودا هەیە / تا ئەو هەبێت دیلیش هەیە /  تا من هەبم، خودای دیل و دیلی خودا / بە سەر پەنجەی بیرەکانم دەسڕمەوە.

بەیان فەرشی
 بە تاقی خەونە تەم و مژاوییەکاندا تاڵیی تێڕوانینێک لە چوارچێوەیەکی هەرماندا هەناسە دەدات ؛ ئازادبوون سەرەتای مرۆڤبوونە و مرۆڤبوون سەرەتای یەخسیربوون. ئاسمانێک ئەولاتر لە دەلاقەی تاپۆ و بۆمەڵێڵەوە ئاسۆی دنیایەکی وەنەوشەیی لە نێو خەونێکی بەدیل گیراودا پرشنگ دەداتەوە. سوارەکانی ئەم ڕێبازە بەردەوامن، ئەگەر هەناسە لە پشت زیندانی بیریشدا بە تاقی خەونە وەنەوشەیییەکانەوە لە سێدارە بدرێت.

بەیان فەرشی 

Sunday, April 08, 2012




لە نێو خێڵی خەوتوواندا / لەبەر خۆیان و خوداکەیان ڕادەکەم / بۆ هەتاهەتا مانەوەیان / جیلی خەوتوویان دەوێ ...

بەیان فەرشی

Thursday, March 08, 2012

ڕۆژێک بۆ ژن و ژنیش بۆ هەموو ڕۆژەکان و بۆ هەموو چرکەکان = ڕۆژێک بۆ مرۆڤ و مرۆڤیش بۆ هەموو ڕۆژەکان! ڕۆژێک بۆ مرۆڤایەتی و مرۆڤایەتیش بۆ هەموو سەردەمەکان. ڕۆژێک بۆ بێ دایک و باوکان، بۆ هەژاران، بۆ خۆبەختکەران، ڕۆژێک بۆ سۆز و مێهرەبانی و یەکڕەنگی. ڕۆژێک بۆ من، ڕۆژێک بۆ تۆ، بۆ نەوەستان، ڕۆژێک بۆ ژیان، بۆ کۆڵنەدان، ڕۆژێک بۆ ئازادی، بۆ ڕووناکی، بۆ هیوا، بۆ مانەوە.
بۆ وەبیرهێنانەوەی لەبیرکراوەکان، هەموو ئەو ژنانەی بە درێژایی میژوو هەوڵی چەسباندنی ئاشتی، یەکسانی، یەکبوون و بەرەوپێشچوونیان داوە و بە تاوانی هەڵبەستراو سووتێندراون، خنکێندراون، لە سێدارە دراون، زیندە بەچاڵ کراون، کووشتراون و ناویان سڕدراوەتەوە.


Tuesday, February 21, 2012

خەمەکانم بۆ هەتاهەتایی درێژ بوونەتەوە. خەمەکانم ناناسم و نازانم نێویان بنێم چی؟  بەڵام هەن بێسنوور. تەمەنی خۆزگە بەرەوە کەسنەزان کۆچی کردوە و لە دوورایی بێبڕانەوەدا کورت بۆتەوە . منی تۆبوون و تۆی من بوون، بەهانەیەکن بۆ دەستەواژە و چیرۆک، بۆ سازبوونی هات و نەهات، بۆ کێبەرکێی خۆبوون . خەمەکانم لە باوەشی دڵەخۆرپەیەکی هەرماندا ئۆقرەیان گرتووە. کایەی کۆیلە و دەستهەڵات، کایەی من و تۆ، مانای هەبوونیان بۆ هەتاهەتایە سڕیوەتەوە

بەیان فەرشی
Feb 2012

Tuesday, January 17, 2012

...

لە سەر شانی  - با -م داناوە سێبەرەکان / شوێنی گەڕانەوە لە دوورایی ئاسۆدا ونبووە / تۆیەک بوونی نیە / هەر وەکوو چۆن منێک نەبوو کاتی سنوورڕێژکردنی کۆڵانەکانی بوون / بێدەنگی لە ژێر بەرد دا دەزرینگێتەوە / هەناسەش لە پشت زیندانی بیرتدا دەخنکێ / لافاوی شەڕ لە باوەشی شەپۆلە سەرشێتەکانی مێژوودا ون دەبێت / تۆیەک پێویست نیە / سنوورەکان لە ژێر پێڵاوەکانی ئەوڕۆدا دەپچڕێنم / تۆش پشووت هەیە لە ژێر سێبەرێ ڕق و قین ...
بەیان فەرشی

Monday, January 02, 2012

هەندێ شت گوتنەوەیان ڕەنگە دووپاتکردنەوەی گوتراوەکان بێت، بەڵام ئێستا لە قەوارەی ڕستە و دەستەواژەدا جێیان نەبۆتەوە، بۆیە پێویستە بگوترێنەوە بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن.

Wednesday, December 14, 2011

بەسیەتی!

هەر جارێک ژنێکی کورد بە دەست پیاوێکی کورد دەکوژرێت، باسکردنی ئەو کارەساتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیە لە گەڵ ناوزڕاندی گەلی کورد وەکوو خەڵکێکی دواکەوتوو گرێ دەدرێت و دەبێ بێدەنگی لێبکرێت، هەر وەک چۆن بوون و ژیان و کەسایەتی ژنی کورد ڕواڵەت و ئابڕوو و ناوبانگی پیاوی کورد و ناوی کورد دەپاڕێزێت. با جارێکیش ڕووناکبیرانی دڵسۆز و پاڕێزەری ناوی کورد بیری خاشەبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوە داڕێژن و هەوڵی حەشاردانی نەبوونەکانیان نەبێت و بۆ کردەوەی دژی مرۆڤی پاساو نەهێننەوە. 
هەڵبژاردنی ژین لە دەست خۆتدا نەبێت، چۆن ژیانکردن لە دەست خۆتدا نەبێت و چلۆن تەواوبوونیش لە کاتی خۆیدا نەبێت و کۆتایی هاتنێکی داسەپێندراو بێت، ئەو وێنەیە نیە کە ژنی کوردی سەدەی نوێ لە ژیانێکی کورتی یەخسیری کات و زەمانی هەیە!
دەزانین کە ئەوە پەلەقاژەی دەستهەڵاتە یان باشتر بڵێین شەڕی گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە، شەڕی ئاشتبوونەوە لە گەڵ فەرهەنگ و کولتوری خۆمان. بە دڵنیایی-یەوە ئەو گەڕانەوەیە بۆ باوەشی سەرچاوە هەر دەرەخسێت جا پیاوی کورد هاوسەفەر بێت یان نەبێت! 

Saturday, December 10, 2011

من مرۆڤم!

زۆر بێباکم و بە ڕاشکاوی پیتی دەڵێم، ماندوو بووم لە شێوەی هەڵبەستنی وشەکانت، لە جۆری تێڕامان و وردبینیەکانت، لە شێوەی نووسین و داڕشتنەکانت. هەموویانم خستۆتە نێو بازنەیەک بەناوی سەردەمی زوو.  ئەوەی ئەڕۆ و ئێستا و هەنووکەژی هەڵبەسترابێت، باست کردبێت، داڕشترابێت یان نووسیبێت، هەمووی لەو بازنەیە دایە. 

سەردەمی زوو کاتێک  ویستت چیرؤکی خۆم و خۆت دابڕێژی و بە ناو ڕۆژی یەکەمی بوونەوە و ڕۆژی یەکەمی ژین و هەبوون تۆماری کەی، من کۆیلە بووم و تۆ خودا، من تاوانبار و تۆ مەزلووم. چیرۆکەکەت درێژ بۆوە، من بوومە دیلێکی هەتاهەتایی و تۆش خودایەکی نەمر. ئەو جۆرەی خۆت پێت باش بوو و تا ئەو جێیەی بیرت بڕی دەکرد، یاسای ژینت بۆ هەڵبەستیم، سنوورەکانت بۆ کیشام، سەربەستی منت بە دیل گرت و ئاشتیت لە دنیادا خنکاند. من بووم بە کەرەسەیەک لە چاوی تۆدا، بە کەرەسەیەکی هاسانکەرەوەی ژیان، هێورکردنەوەی ژیانی تۆ و گوێ لە مستی فەرمانی تۆ. 
پاش چەند سەد دانە سەدە، ئەو کاتەی هەستەکانی دیکەت جگە لە دەستهەڵاتخوازی کەوتنە دارە دارە و کەوتنە سەرپێ و پێیان هەڵگرت، هونەر هاتە نێو گۆڕەپانی دەستهەڵاتتەوە و ئەوجار یاساکانت، سنوور دیاریکردنەکانت، سەلماندنی گەورەیی و شکۆت بە بەر باڵای وشە داکرد و دەستهەڵاتت بەربڵاوتر بوو و لە هەموو لایەکەوە زنجیرەکانی دەستهەڵاتت لە لاق و دەستم گرێدا.

ئێستاش ماندووم لە جۆری دەربڕینت ، لە شێوەی جوان بینیت، لە ئەو هەموو خۆپەرەستی و پیاوپەرەستیەت. کەنگێ پێت وایە بەو پلەیە بگەی کە بتوانی خۆم و خۆت وەکوو یەک ببینی، هاوشانی یەک، لە ڕیزی یەک؟ کەنگێ پێت وایە بیرت لە بەرپێی خۆت زیاتر بڕبکات؟ سەردەمی زوو زۆر لە مێژە تێپەڕیوە، ڕیسە و یاسا گۆڕدراون. مرۆڤ ئێستاکە دوو جۆرن، ژن و پیاو، پیاو و ژن! سەردەمی خودایەتی تاک و تەنیا بە سەر چووە. لە کیست چوو، نەتزانیبوو ئەگەر جەستەم یەخسیرت بێت، مێشکم هەمیشە سەربەستە، بیرم بە دیل ناگرترێ، لە کیست چوو!

ئەوڕۆ کە دەستهەڵاتت سڕدراوەتەوە، نەتتوانیوە بە وشەکانت وازبهێنی! مێشکت لە کام سەردەم دەژی؟ لێم بڕوانە، لێم بنواڕە، من مرۆڤم. ئەگەر زەمانێک کەرەسەی خۆشی بوونت بووم، کەرەسەی گەیشتن بە دەستهەڵاتت بووم، ئامرازی حەسانەوەت بووم، بەڵام مرۆڤ نەبووم بە لای تۆوە، ئێستاکە زەین بدە، من مرۆڤم. بۆ خۆشی خۆت بە حەیوانم مەشۆبهێنە، من مرۆڤم، بە خواردنم مەشوبهێنە، من مرۆڤم، بە داروگیام مەشوبهێنە، من مرۆڤم! دەزانم زۆر گرانە ژێردەستەکەت وەکوو خۆت سەیر بکەی، بەڵام ئەوە ڕاستی سەردەمی ئەوڕۆیە. تۆ یاسادانەر نەماوی، لە خودایەتیش کەوتووی وخودایەکیش نیە پاکانەی تاوانەکانت بۆ بکات و و تاوانبارێکی وەکوو منت بۆ ببینێتەوە. 
پەلەقاژەی دەستهەڵاتتە، بەڵام لە سەردەمی ئەوڕۆدا، ئەو مرۆڤە دەستهەڵاتدارە کە بیری زیاتر بڕبکات. سەردەمی خودایەتیت بەسەر چوو، من مرۆڤم، تۆش مرۆڤی!

بەیان فەرشی

Friday, December 09, 2011

لە هەموو چیرۆکە ئایینیەکانی پیاودا، پیاو هێمای گەورەیی و شکۆ و دەستهەڵاتە و پەیامهێنەرەکانیش هەر پیاون. چ دەبوو کەسایەتیسانتا کڵاسی خاچپەرەستەکان ژن بوایە و ژنێک لە مێژووی ئاییندا بۆ مانگێک یان شەوێک لە ساڵدا ببوایە بە هێمای گەورەیی و وێنەیەکی جیاوازی لە ژن لە ناو مێشکی منداڵاندا کێشاباوە؟ داڕێژەری چیرۆک قەت نەیتوانی هەنگاوێک بۆ یەکسانی هەڵێنێتەوە چون توونی دەستهەڵاتە!

Friday, December 02, 2011

شەمەندەفەری کات

لە نێوان دەنگ و هەرای تێپەڕبوونی چرکە ساتەکانی بوون، ئەگەر بۆم بکرێ، شەمەندەفەری کات ڕادەگرم تا مەودایەکت هەبێت بۆ بەخۆداچوونەوە، بۆ ڕاوەستان. دەرفەتێک بۆ بینینی ڕەنگەکانی - با -، بۆ خوێندنەوەی گۆرانییە نووسراوەکانی سەر پەنجەکانی - با -، چرکە ساتە ئاڵۆزاوەکانی بوونت شانە دەکەن. وچانێک بدە، گێژەڵووکەی بیرۆکە مۆنەکانت و خەمی ڕقاویت بە دەستی باران دامرکێنە. بارانی گریان ئاگرهێنەرە، مەیڕێژە، برینداری مەکە. ئەم ڕاوەستانە بەخێرایی تێدەپەڕێت، ئەم چرکە ساتە کاتییە، هەلێکی ڕەخساوە لە نێوان ڕەشایی بیرۆکەکانت، دەلاقەیەک بەرەو پەنجەرەی - با -، دەرفەتێکە بۆ بینینەوەی ونبووەکان و خوێندنەوەی چیرۆکە بێدەنگەکان. پیاسەیەکە بە سەر درێژایی تاوانە بێڕەنگەکان، دەرفەتێکە بۆ بینینی پەلەقاژەی ڕووناکی، بۆ بەخۆداچوونەوەی وێژدانی خەمەکان.

شەمەندەفەری کات ڕادەگرم، بۆ چرکە ساتێک دابەزە، وچان بدە، بۆنی گۆرانییەکانی - با - بکە، فرمێسکی باران بسڕە، هەناسەکان بەش بکە با بڤەیەک نەبن بۆ کووچەکانی تاوان ... وچان بدە!

Monday, November 07, 2011

پێکەوە ژیان لە گەڵ دەسهەڵات ناگۆنجێ ...!


بیرم لەوە دەکردەوە، لە بابەت توانایی کردەوە و بیرەوە من و تۆ جیاوازیەکمان نیە، ئەگەر هەشبووبێت تەنانەت ئێستا و لەو سەردەمە دا کەمڕەنگ بۆتەوە، چۆن ڕواڵەتێکی کۆمەڵایەتی وامان خۆڵقاندوە کە ئەگەر هەموو مەرجێکی کۆمەڵایەتی و عەشیرەتی و بنەماڵەیی ڕۆخسابێت، ئەوە من و تۆ لە سێبەری یەک یاسادا هەڵسووکەتمان لە گەڵ دەکرێت و بۆی هەیە و هەشە کە من زووتر و باشتر لە تۆ تیرەکە بپێکم. جا بۆیە خۆبەستنەوە بەو بیرە ڕیشاڵ ڕیشاڵبووانەی زەمانی زوو بە هیچ کوێمان ناگەیەنێت. کاتی ئەوە هاتووە لە بەرانبەر یەک دانیشین و تۆ دان بەوە بێنی کە من و تۆیەکمان نیە، جا ئەگەر لە سەر وشەی مرۆڤ ڕێککەوتین، باسی هاوشانی و هاودەنگی دەکەین و وشەی خودا و دیل، خەڵات و دەسهەڵات لە بیر و مێشکمان دەسڕینەوە. نە من چیدی دیلی تۆ و نە تۆ خودای من و نە من چیدی خەڵاتکراوی دەسهەڵاتی تۆ دەبم.

جا ئەوجار من و تۆ ڕەنگی خۆمان دەدەین و جیاوازیەکانمان دەردەکەون کە نیشانەی باشی و خراپی نابن، بەڵکوو نیشانەی جیاوازبوون دەبن، جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و بیر، جیاوازیەک کە ژیان دەڕەنگێنێ و دیل ناخۆڵقێنێ و بۆ بەرەوپێش هەنگاوهەڵهێنانەوە هانمان دەدات. چیدی باسی منی ژن و تۆی پیاو ناکرێت، باسی تایبەتمەندی مرۆڤ و کەسایەتی تاکەکەسەکان دەکرێت. باسە تایبەتیەکانی ژیانی من و تۆ لە گەڵ چۆن هەڵسوکەوت کردنمان لە ناو کۆمەڵگادا گرێ دەخۆن و کاردانەوەیان لە سەر یەکتر دەبێت و پێچەوانەکەشی. مەبەست و ئامانج پاراستنی گەورەیی یەکتر و ڕێز لە بیر و هەڵوێستەکانی یەکتر دەبێت. ئەو شاراوانەی ئەوڕۆ بە ناوی باسی ژن و پیاو، باسی خێزان و بنەماڵە، پاراستنی داب و نەریت و حورمەت و گەورەیی، بە هەزاران ژیان (ژن) لە ژین بێبەش دەکەن و هاوارەکان بە بێدەنگی بێدەنگ دەکەن و کۆمەڵگایەکی نەخۆش بەرهەم دێنن، چیدی ناتوانن لە چوارچێوەی ماڵەوە بە سەر کۆمەڵگادا حوکم بکەن. ئەگەر بیری لی بکەیەوە، ئەوکات هیچ دەستنووسێکی پیرۆز نابێت بۆ هەڵەکانی تۆ پاکانە بکات و بێتاوانی و بێدەسهەڵاتیت لە هەڵە نابەجێکانتدا بسەلمێنێ و هیچ دەستنووسێکی ناپیرۆزیش نابێت، تەنانەت بۆ هەڵەکانی تۆش من بە تاوانبار بزانێت و حوکمی ورد و خاشکردنی کەسایەتی و بوونم بدات. دەزانی بۆ؟ چون کاتێک من و تۆ لە سەر وشەی مرۆڤ پێک بێین، هەموو ئەو دەستنووسانەی من و تۆ لێک دوور دەکەنەوە، دەسڕدرێنەوە.

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ڕیگایەکی دوور ودرێژ و تەنگەبەرمان لە بەرە، چون دەست هەڵگرتن لەو خودایەتیە بۆ تۆ زۆر هاسان نیە جا با دەسهەڵاتێکی نامرۆڤانە و خوێناویش بێت و هێنانە خوارەوەی تۆش لە سەر کورسی دەسهەڵات بۆ من هاسان نیە تا کاتێکی تۆ نە چاوی بینینت هەبێت و نە گوێی بیستن و لە ژێر قورسایی یاسا پیرۆزەکانتدا بەربینت پێگرتبێم.

ئەوەی منی ژن بە درێژایی مێژوو بە پێی یاسای باوی سەردەم بە جۆرێک یەخسیری یاسا زاڵەکانی هەڵقوڵاوی بیری تۆی پیاو بووم و بە هۆی هێزی باسک لە ڕیزی کەرەسە و مڵک و ماڵتدا بووم و دەسهەڵاتم بە سەر ژیان و مان و نەمانم دا نەبووە، ڕەنگە هیچ ڕاتنەچڵەکێنێ و تەنانەت ئێستاش چیرۆکی دەستنووسە پیرۆزەکان، باوەڕی پیرۆزت بن، بەڵام ڕەوتی ژیان و دابی باوی سەردەمی ئێستا و خەباتی مرۆڤی ئازادیخواز بۆ گۆڕینی نەگۆڕەکانی کۆمەڵگای جیهانی، بارودۆخێکی لەبارتری بۆ منی ژن خۆڵقاندوە بە جۆرێک کە دەرفەتی دەربڕینی ئازاری قەتماغەگرتووی سەدان ساڵەم بۆ ڕەخساوە و چیدی کارەساتی نامرۆڤایەتی خۆڵقاوی بیری تۆ لە چوارچێوەی تەنگی ماڵدا ناشاردرێنەوە و تاوانە حەشاردراو و حاشالێکراوەکانی ژیانت بزر ناکرێن و لە قەوارەی چەند پیت و وشەدا ئاشکرا دەکرێن و هەوڵ بۆ گۆڕینی نەگۆڕەکان بەگوڕتر دەبێت.

ئەگەر سەیرێکی دەوروبەرت بکەی، دەبینی کە دیکتاتۆرە گەورەکانی سەردەم تەمەنیان بەسەرچووە و یەک لە دوای یەک تەختی دەسهەڵاتیان وەردەگەڕێ. بۆیە دەسهەڵاتی دیکتاتۆری تۆش لە ماڵەوە بۆ ناو کۆمەڵگا کاتی ڕووخانی هاتووە. ڕاستە منی ژن زۆرتر دەکوژرێم و زۆرتر دەمکوژی، بەڵام دەنگی نەمانم ئێستا دەنگ دەداتەوە و بیری کۆنی زەمانی زوو وەکوو سەهۆڵ لە بەر هەتاو لە توانەوە دایە.

بەیان فەرشی - Nov 05, 11

Wednesday, August 31, 2011


ڕێبواری ڕێگای بەردەوامبوون، هەڵوەدای فڕینێکی ئازاد، ماندوو لە مرۆڤبوون، بێزار لە ڕواڵەتی ئاوێنە و تەژیم لە هاوار.
بەیان فەرشی

Saturday, July 30, 2011

“هەر شتێک پلان و بەرنامەیەکی لە پشت نەبێ، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەی ئامانجێک بپێکێ”، بڵێی ئەوە بتوانێ وڵامێک بێ بۆ پرسیاری ژیان و بوون بە گشتی؟

Friday, July 29, 2011

پێویست ناکا کەس باوەڕی بە من و تواناییەکانم بێت، گرنگ ئەوەیە خۆم باوەڕم بە خۆمە. 

Tuesday, July 26, 2011

تاسەی ئەوەی ڕۆژێک وانەی زانکۆم لە زمان مامۆستایەکی فرەزانی کوردەوە فێربایەم، قەت وەدینەهات!

Friday, July 15, 2011

بە قەد دووری و درێژایی ئەم ژیانە، بیری گەڕانەوە، لە نێوان گێژەڵووکەی لەبیرچوونەوە دا کاڵ بۆتەوە. چرکە ساتەکانی تێکەڵاو لە گەڵ خۆبوون، گەڕانەوە و مانەوە، لە سەر بیرۆکە سەرهەڵداوەکان وەک یەک دەنووسنەوە، بیری ئەوانەی نازانم کێن و لە گەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکەکان دەژین، لە کاتژمێرە چەقیوەکانم دەترسێنن. لە نێوان ئەم نائارامیانە، نەرمە بیرۆکەی ئارامی، شنە بای بەختەوەری لە ئامێز دەگرێ. چەرمەسەرییەکان درێژ دەبنەوە، هەنگاوەکان ڕق ئەستوورتر درێژایی گەیشتن کورت دەکەنەوە .... نەگوتراوەکان وێنەی گەیشتن لە کۆتایی بوون دا دەکێشنەوە ... بیرێکی یاخیش سەر لە نوێ هەبوون تاریف دەکاتەوە.

بەیان فەرشی

Tuesday, July 12, 2011

ئەوی گەورەم!

ڕواڵەتی ڕاستەقینەت وەدەر بخە و ترست نەبێ، ئەم ڕواڵەتە درۆیینە سەدان ساڵە من و منەکان دەترسێنێ، ترسەنۆکێک خۆی لە پشت ئەم ڕواڵەتە ترسهێنەرە شاردۆتەوە، نهێنییەکەت ئاشکرا بووە و شاراوگەکەت حەشارت نادا، خۆت بە و خۆت نیشان بدە. لاوازبوونت لای من کورتی و نەهامەتی نیە، دەسهەڵات لای من خەمڕەوێنی بەردبوون نیە، کۆشک و قەڵا ئامانج نیە .. شاراوگەکەت حەشارت نادا، نهێنییەکەت ئاشکرا بووە، من و منەکان چیدی زراومان ناچێ .. دەستت ناگا بە ئەستێرە ، با پێکەوە گوڵبژێری چەقڵەشینکە بکەین.

بەیان فەرشی

Friday, July 01, 2011

لە سەر گۆمی مانگە شەو - هیوا حوسین په‌ناهی


به‌ ته‌نیا ماومه‌ته‌وه‌
له‌ گه‌ڵ ماسیه‌کان
له‌ گه‌ڵ خه‌ونه‌ پووڵه‌که‌‌‌یی‌یه‌کان
ئه‌وسا که‌ باسی ئێمه‌یان بۆ ده‌ریا هێنا
ڕوحم به‌ خوڕ ده‌باری
ده‌ریا ڕێگه‌ بێڕێگاکانی خۆی ده‌پێوێ
شه‌و و ڕۆژه‌کانم دێن و ده‌ڕۆن
بڕوانه‌، سێبه‌ره‌کانیش ناته‌واو دیارن
بۆ که‌سنه‌زان درێژ ده‌بنه‌وه‌
بڵێی که‌سێک هه‌بێت له‌م نزیکانه‌وه‌
چرایه‌ک هه‌ڵبکات بۆن و به‌رامه‌ی هه‌ساره‌یه‌ک دابپۆشێ

ئه‌م چۆڵه‌واره‌ پێویستی به‌ هه‌ناسه‌کانمان هه‌یه‌
ماچم بکه‌، ده‌بێ ماچم بکه‌یت
شه‌که‌تی ئه‌م ساڵانه‌ له‌ ده‌شتدا به‌ جێ ده‌هێڵین
زه‌مان هه‌ر ده‌م له‌ شوێنی خۆیه‌
زه‌مان هه‌ر ده‌م له‌ خاکی خۆی دایه
سه‌راپا هات و نه‌هاته‌‌
ئێمه‌ش له‌ ڕۆخساری ئاوێنه‌ دا شۆڵه‌یه‌کی ئه‌به‌دین

بۆ ستران نه‌ڵێین بۆ ئه‌م زه‌وییه‌ ئاسمانیه‌
ئه‌و ده‌نکه‌ کریستاڵه‌ی وا دووراو دوور ده‌دره‌وشێته‌وه‌، ئه‌وینه‌
ئه‌وه‌ی ئاودامێنی درێژایی بوون و نه‌بوونه‌
به‌سه‌رهاتی به‌رد و هه‌رد،
به‌سه‌رهاتی هه‌ناسه‌کانمانی پێیه‌
وه‌ره‌ با له‌ ناو له‌په‌ خه‌مینه‌کانماندا دایبشارین
ماچه‌کانت گوڵی نیرگیزه‌ جاڕن
ڕوحه‌ باریکه‌لانه‌که‌ی من له‌ ئامێز ده‌گرن
خاک و خۆڵی به‌ر ده‌روازه‌کانی - با – ده‌بینی
باوه‌ڕت هه‌بێ مه‌نزڵگایان پێنازانم

شێوه‌ی چاوه‌کانت ده‌که‌م
ڕۆشنایی منن و چیاکان به‌ پاکی ده‌ناسمه‌وه‌
خاک له‌ ناو ته‌مه‌نی مه‌مکه‌کانمدا
خۆشه‌ویستیه‌کی مه‌زنه‌
شێوه‌ت ئاوردانی ماڵی خۆمانم بیرده‌خاته‌وه‌
بێخه‌وش و زوڵال داییساون

سه‌رده‌مه‌کان سارد
سه‌رده‌مه‌کان گه‌رم
وڵاتی مه‌رگ کۆنجێک بوو
به‌ زه‌نگوڵه‌ی تاوناتاویه‌وه‌
له‌ گه‌ڵ له‌شی خوێناوی مندا ژوانیان ده‌کرد
ئامرازه‌کانی ئازارم خۆ بیر نه‌چووه‌
ماق ماق ده‌یڕوانیه‌ کچێنیم
شه‌ڵاڵی خوێن ببوون
ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وسا بوو
له‌ به‌ر باخه‌کانی حه‌زره‌تی مریه‌مه‌وه‌
پۆلێک چۆله‌که‌ هاتن
ئه‌وده‌م مه‌رگیش بێ خاوه‌ن بوو
تۆش له‌ ناو ئه‌م ئوقیانووسه‌ به‌رینه‌ بوویته‌ خه‌مڕه‌وێنی ڕوحه‌که‌م

ئه‌وینی ئێمه‌ شه‌وێکی شینه‌
خه‌رمانی داوه‌ به‌ ناو به‌ربڵاوی باراندا
پاش مه‌رگیش ڕه‌هابوونێک هه‌یه‌
پاش ئازادی هاواری هه‌ناسه‌یه‌ک
له‌ پاش ئاشق بوونیش سووتمانێکی گه‌ش

ئێمه‌ ده‌زانین له‌ ئامێزی چاره‌نووسدا
شه‌پۆله‌کان چه‌نده‌ سه‌رشێتن
گه‌ر ئێستا ده‌ستم به‌ یه‌کیان بگات، تامه‌زرۆیی خۆمی له‌ سه‌ر ده‌نووسمه‌وه‌
ئه‌به‌دییه‌ت خۆفی ناوێت
ئاخۆ گوێ بۆ دلؤڤانی مانگ ڕادێری؟‌
ڕه‌گه‌زی من له‌ خۆڵ و ئاوه‌
ڕوحم بۆ نیرگیزه‌ جاڕی ئاگر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

ڕۆژهه‌ڵات و وه‌رزه‌کانی چاوه‌نواڕن
ئێمه‌ پێکڕا ده‌ناسنه‌وه‌
چاوه‌کانی ئاسمان
په‌رستگه‌ی خۆر و خه‌رمانێکی تازه‌
چاره‌نووس ناوه‌ندێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌
شوێنێکی نه‌بڕاوه‌

به‌م ڕێگه‌ تاک و تاریکه‌
ته‌نیا پیاوێکی باڵابه‌رزی پێدا تێپه‌ڕی
کاتێکی بێکات بوو
شه‌یدای جووانی کریستاڵێک ببووین
تێر و پڕ گریام
تێر و پڕ گریا
پێگڕا تێر و پڕ گریاین
له‌م باخچه‌ ئه‌به‌دییه‌
ڕوحمان وه‌ک کوتره‌ باریکه‌ خزایه‌ ناو دره‌ختێکی که‌وناراوه‌
له‌و ڕۆژه‌وه‌ په‌سنی باران ده‌داته‌وه‌
ئێمه‌ تازه‌ ڕه‌نگمان له‌ ڕه‌نگی ده‌ریا ده‌چێت

Monday, June 27, 2011

ئێستا تۆ دەبینم و خۆشم دەبینم گەورە دەبین، ساتەکانی تۆ و چرکەکانی خۆم تێکەڵ دەبن. وشە ناسک و لەبارەکانی تۆ بەزەیی دایکم لە ژێر سێبەری هەتاوێکی پاییز دا دەخەنەوە بیر و بزۆزی ڕۆژێکی تەزیوی زستان کە لە تەنیایی ژوورێکی چۆڵ دا بە چەند دڵۆپە فرمێسک دامرکابوو. ڕۆخساری بێخەوشت، تەزووی ساردی دووریم لە بیردەباتەوە. تۆ گەورە دەبی و گەورە بوونی خۆشم دەبینم. ئامێزی بچکۆلانەت بە بارتەقای بەرزایی ئاسمان و بەرینی عەرزە. نازانم بڵێم چیە، چ هەستێکە؟ تووڕە بوونە یان سەرشێتی؟ لە گەڵ گەورەبوونی چرکەکانی بوونت دا پرسیارەکانی منیش بست بە بست باڵا دەکەن، گەورە بوونی من و پشکووتنی تۆ لە گەڵ چرکە ساتەکانی زەمان بە خێرایی بیرەوەریەکی سەرشێتانە تێپەڕ دەبن و سێبەری بیرەوەریەکانمان لە مێژوویەک دا تۆمار ناکرێن.

هەناسەکەم، نهێنی بوون گرێ پووچکەیەکی نەکراوەیە، هەتاکوو هەین، لە هەر شوێنێک بوونمان ڕەنگی هەیە، بوونی هەیە، کە بارمان کرد بێڕەنگ دەبین، کاڵ دەبینەوە، سێبەرەکەشمان لە بیر دەچێتەوە. بڕیارم داوە پەڵە هەورێکت بۆ بچنم بە تاڵ تاڵی ساتە ڕیشاڵبووەکانی منداڵیم تا ئەو کاتەی کە من نەمام و تۆ هەبووی سێبەرەکەت لە هەموو سێبەرێک ڕەنگیتر بێ. تۆ گەورە دەبی و گەورە بوونی خۆشم دەبینم. گەورە بوونت وەکوو هۆنینەوەی هۆنراوەیە، هەرچی وشەی جوانە لە باڵات هەڵدەکێشم و هەرچی ڕق و تووڕەییە بە بەزەییم ڕەشدەکەمەوە. بوونی ئەتۆ سەرەتایەکە بۆ ڕووناکی، سەرچاوەیەک بۆ ڕووناک کردنی ڕێگەی تێپەڕکردنی بوونم. خۆشم دەوێی تاقانەکەم!

Wednesday, June 15, 2011


دەربیجەی بیری من و تۆ
هەر یەکەی ڕووی لە لایەکە,
تێڕوانین و چۆن ڕوانینمان زۆر جیاوازە،
بەڵام دەلاقەی چاومان بەرەو یەک ئاسمان دەڕوانێ و
بۆ یەک ئاسۆ دۆش داماوین.

بەیان فەرشی

Saturday, April 09, 2011

“ئازادی بەیان "


ئەگەر هاتی بۆ ماڵەکەم،

کل و کلدانم بۆ بێنە،

ڕوخسارمی پێ ڕەش دەکەم

با بە تاوانی جووانی نەمبەن بە دیل!

درگای دڵیشم دادەخەم،

با گیرۆدەی هەوەس نەبم!

لێوەکانمی پێ ڕەش دەکەم،

با بە بیانووی سووری لێوم سووکم نەکەن!



پێمەڕەیەک،

با حەز و ئاواتی ژنانەم خاشەبڕکەم.

گشت زەوی جەستەم دەکێڵم،

لەوە دەچێ،

چوونە بەهەشت بە بێ ئەوان ساناتر بی!



گوێزانێکم بۆ بهێنە،

پرچمی پاک پێ بتاشم،

بە سەر ڕووتی و بە بێ سەرپۆش داڵغە دەدەم!

دەرزی و هەودات لە بیر نەچێ،

زمان بە مەڵاشووە دەدرووم،

تا هاوارم بێدەنگتر بێ!



مەقەستێکیش لە بیر مەکە،

هەموو ڕۆژێ هەودای بیرم بقرتێنم!

ئەسپۆنیشم پێویست دەبێ،

بیر و مێشکم بشۆمەوە و

لە بەر هەتاو هەڵیان بخەم،

بڕواکانم - با - بیانبا،

بۆ کەسنەزان!

ئەوە پێویستی سەردەمە!



دەنگبڕێکم بۆ بهێنە،

ئەگەر ڕۆژێک بە تاوانی ئەوینداری،

وەک داوێن پیس ناوزەد کرام،

ڕق و قینم لە ناو گەروو قەتیس بکەم!



کۆپیەکی ناسنامەکەم زۆر پێویستە،

بۆ ئەو کاتەی خۆشک و برای هاوئایینم،

وەک ڕێنوێنی،

قسەی سووک و قیزەوەنیان بۆ هەڵبەستم،

لە بیر نەکەم کە چیم و کێم !



سوێندت دەدەم،

لە هەر شوێنێک مافیان فرۆشت،

بۆم بسێنە،

دەیکەم بە تام و خوێی چێشت و

بەر لە هەمووان خۆم مافەکانی خۆم دەخۆم!



ئەگەر پارەت پێمابۆوە،

پڵاکاردێکم بۆ بکرە،

وەک ملوانکە لە ملمی کەم.

بە گەورەیی لێی دەنووسم:

من مرۆڤم،

هەنووکە ژی هەر مرۆڤم،

هەموو ڕۆژێ من مرۆڤم!





هۆنراوی هەڵبەستوان "غادە السمان" خەڵكی سورییە،

وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ فارسی: هیوا ئەمینی

وەرگێڕان لە فارسی بۆ کوردی: بەیان فەرشی

Tuesday, March 15, 2011

هەڵەبجە


ڕۆژێک پڕ له‌ بێده‌نگی، کپ بوون. بیره‌وه‌ری بێده‌نگبوونی شارێک لە بێده‌نگی دا. شارێک له‌ چاوه‌ڕوانی نه‌ورۆز دا به‌زۆر به‌ره‌وپیر مه‌رگ ده‌بردرێ، به‌ره‌وپیر مه‌رگێکی بێده‌نگ . .
بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، نه‌ من ‌هێنده‌ گه‌وره‌ بووم که‌ ببم به‌ خه‌مڕه‌وینی ئازاری بێده‌نگی له‌ ناو دڵ و گه‌رووی قه‌تیس ماوی ئه‌ودا، نه‌ ئه‌و هێنده‌ گه‌وره‌ بوو، هه‌ست به‌ ئازاری بێده‌نگبوونی خه‌ڵکی شاره‌که‌ی بکا . .
بیست و سێ ساڵه‌ بێده‌نگیه‌کان ڕاو ده‌نێ، بیست و سێ ساڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئازاری بێده‌نگبوونی چرکه‌ ساتێک، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێده‌په‌ڕێنێ. بیست و سێ ساڵه‌ ئه‌و بێده‌نگیه‌ی بۆنی مه‌رگی هێنا، بێده‌نگی شه‌وانی تێک ده‌شکێنێ . . . بیست و سێ ساڵه‌ ده‌مه‌و به‌هار یادی منداڵانی شاره‌که‌ی به‌ بێده‌نگی ده‌کاته‌وه‌ . . . پێم بڵێ بۆ؟ هەبوون بۆ؟ مردن بۆ؟ کوژران بۆ؟ کوشتن بۆ؟ ژیان بۆ؟

Friday, March 11, 2011

ڕۆژێکی بێدەنگ بوو، کپ و مەند، قورساییەکەم هەست پێدەکرد. دەمویست بگەڕێمەوە، بەڵام زۆر بە هاسانی پاڵ پێوەدەنرام. بوونەکەم گرنگ نەبوو، یاسایەک، دەستێک، هێزێک پاڵی پێوەدەنام. لە گەڵ هەر هەنگاو دوورکەوتنەوە، دڵم دەڕژا، ترس دەیڕووخاندم، کە گەیشتم و بە کوێ نازانم، هەر سێبەرێک بووم، پازدە ساڵ لەمەو بەر. پازدە ساڵ لەمەو بەر، ئەمڕۆ ڕۆژێکی بێدەنگ بوو، کپ و مەند بوو، منیش سێبەرێک بووم پازدە ساڵ لەمەو بەر ..

Tuesday, March 08, 2011

لە هەر کوێی دنیا بڵێی، ژن داوەڵی دەستی پیاوە، هەر ڕەنگەکان و چیرۆکەکان جیاوازیان هەیە، مەبەست هەر یەک شتە! جاری واش هەیە ژن خۆی بە ویستی خۆی دەبێتە داوەڵی دەستی پیاو .. کۆیلەی هەموو دنیا، یەک جار کۆیلەیە، بەڵام ژن دوو جار کۆیلەیە و لە لای کوردانیش سێ جار، ئەو کۆیلەتیەش لە گەڵی گەورە دەبێ!

Sunday, March 06, 2011

کاتی بەرەبەیان، پێش هەڵاتنی خۆر، لە گەڵ دەرکەوتنی یەکەم تیشکی هەتاو، خەرمانێک هیوا و نەسرەوتنتان بۆ دەنێرم!

Tuesday, February 22, 2011

کوردستان دەستکەوتی ژیانی هەزاران ئینسانە، ئێمە بەرپرسین بۆ پاراستنی!

ساڵانێکی دوور و درێژ پاش تەجروبەی کۆماری کوردستان و پاش ماڵوێرانی و ئاوارەیی و هەڵوەدا بوون و خۆبەختکردنی ڕۆڵەی کورد، باشووری كوردستان و خەڵکی باشوور توانیان حکوومەتێک بۆخۆیان دابین بکەن. ئێستا هەر ئەو خەڵكە دەیەوێ پشت لەو دەستکەوتە پڕبایەخە بکا، چون کورد تووشی کێشەی ناوخۆ بووە و غیرەتی کوردی بە تەمایە منداڵێکی سەرەڕۆ دیسان بە زیندوویی لە چاڵ بنێ، با بە خوێنی دڵیش تا ئێرەی هێنابێ و گەورەی کردبێ! تکایە، تکایە، با بەس بێ سەرەڕۆیی، با بۆ یەکەم جار بەر لە لێدانی ڕیشەی خۆمان، بە خۆمان دابچینەوە و لە هۆکارەکان بکۆڵینەوە و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە کێشەکانمان لە گەڵ یەک چارەسەر بکەین. دەبێ بزانین، تاوانبارین ئەگەر کوردستان جارێکی تر بریندار بێ بە دەستی خۆمان، بە دەستی خۆتان، چون بەرپرسین لە بەرابەر نەوەی داهاتوو. دەبێ نەوەی داهاتوو فێر بێ، ڕیگای ئاشتی هەیە بۆ چارەسەری نەهامەتی، کەوایە با لێرەوە دەست پێ بکەین.
کوردستان، کوردستانە .. کوردستان، ئێران و ئێراق و میسر و لیبی نیە. بارودۆخی کوردستان لە هەموو بارێکەوە لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی هەیە، ئێمە ناتوانین، بەم شێوەیەی ئەوان لە گەڵ کێشەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن، هەڵسوکەوت بکەین. کوردستان هیچ پشتیوانێکی نیە، هیچ قازانجێکیشمان بۆ وڵاتانی دیکە نیە کە بۆ پاراستنی حکوومەتی فێدراڵی کوردستان پشتیوانیمان بکەن. کەوایە با چارەسەری گرفتی ناوخۆی کوردستان لە ناو کوردستان و بە شێوەی مەدەنی و پێشکەوتووانە بکرێ. وڵات ناسنامەی ئێمەیە با بە دڵسوزی و حورمەت بیپارێزین و کەم و کوڕیەکانیشی ڕاست کەینەوە.

Wednesday, February 16, 2011

جار نە جارێ ئاوڕێک بدەوە لە خۆت و خۆی ..
مرۆڤەکان وەکوو ڕەنگەکان لە گەڵ یەک جیاوازن، بەختەوەر ئەوەیە مێشک و دەروونی ڕەنگی ڕەشی لێنەدرابێ و خۆی لە ڕەشی دا نەشارێتەوە ...

دەیەوێ لە چاوی ئەوەوە خۆی ببینە، چون کتێبەکە جۆرێکی تر نووسراوە ...

Saturday, February 12, 2011


ژیان و ئازار، ئازادی و یەخسیری، یاسا و دژی یاسا هەموو بە دەست مرۆڤی وەک من و تۆ دەخۆڵقێن و دادەڕێژدرێن .. لە پاشان خۆمان لە دژ خۆمان ڕادەوەستین، بەرپرچی خۆمان دەدینەوە و حاشا لە بەرهەمی خۆڵقاوی دەستی خۆمان دەکەین .. ئەوجار بە هەزاران هەزار لاپەڕەی لە سەر دەنووسین، دەبینە ڕێ نیشاندەر بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتیەکانی خۆڵقاوی بیر و هزری خۆمان، چیرۆکێکی تاڵی خۆهەڵخەڵەتێنە .. پێم وانیە لە مرۆڤ بوون ناخۆشتر و پڕئازارتر هەبێت!

Tuesday, January 25, 2011

ئازادی ڕه‌نگه‌ بێده‌نگیه‌ک بێ که‌ نابێ بشکێ؛ لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپی که‌ نابێ ڕه‌ش بکرێته‌وه‌؛ کلیلێک بێ، هه‌موو قفڵێکی پێ بکرێته‌وه‌؛ سکاڵایه‌ک بێ له‌ نه‌بوونی یه‌کسانی؛ دڵۆپه‌یه‌ک فرمێسک له‌ کاتی خۆشی، یان خۆشیه‌ک که‌ نابێ بشێوێندرێ. ئازادی ڕه‌نگه‌ بێده‌نگیه‌ک بێ که‌ نابێ بشکێ . . . شانازییەک کە نابێ بڕووخێ و ترپەی دڵێک کە نابێ لە لێدان بوەستێ .. یان پیرۆزێک کە نابێ کڕنۆشی بۆ ببردرێ ..

Monday, January 17, 2011

ئەگەر ترپەی دڵی گەورەی لاوانی کورد لە لێدان بخەن، قامیشەلانەکان سکاڵای یەکسانی ئەوان بە یەک دەنگ دەڵێنەوە .. ئازادی بە دیل دەگرترێ، بەڵام ناخنکێندرێ .. تا ئەو ڕۆژەی کوردێک مابێ و ئاخ و داخی وڵاتی بە گوێ دا چرپێندرابێ، ئازادیتان پێ لە سێدارە نادرێ .

Friday, January 14, 2011

بۆ؟

دەزانم کە دەزانی .. دەزانی ئەگەر هەموو هێز و توانات تەرخانی بیر و باوەڕ و ئامانجیشت بکەی، ئەگەر مەدرەکی پ.ئێچ.دیشت هەبێ، ئەگەر تەنانەت نووسەرێکی ناوبەدەر بی و بیرۆکەکانت هەموو سنوورەکانیش ببەزێنن، هەر بە چاوی کەم سەیر دەکرێی، بەو چاوەی ژن لای خۆمان سەیر دەکرێ، بەو زمانەی، ژن لای خۆمان باسی دەکرێ، بەو نزمیەی، ژن لای خۆمان هەڵس و کەوتی لە گەڵ دەکرێ. هەمووی ئەوانەش دەگەرێتەوە سەر هونەری پەروەردەکردنی کوڕان لە لایەن دایکانەوە. تا ئەو کاتەی دایکە دڵسۆزەکان، کوڕ لە سەروی کچ ببینن و کچ خزمەتکار و گوێ لە مستی کوڕ بێ و ژیانی لە خزمەت برا دا بێ، ئەم ڕەوتە نەگریسە هەر بەردەوام دەبێ و بەرهەمی ئەم نابەرابەریە، ژیانە لێک شێواوەکانی داهاتوو، لێک جیابوونەوەکان و منداڵانی بێداهاتووە.

ئەو کاتەی دایکێک، کوڕەکەی وەکوو پیرۆزێک و وەکوو سەرمایەی ژیانی دەنرخێنێ و کچەکەشی دەخاتە خزمەتی ئەم پیرۆزە، گەورەترین تاوانباره. چون کوڕەکەی وا تێگەیاندووە کە زۆر لە خۆشکی لە سەرترە و دەبێ شانازی بە پیاوبوونی بکا و بوونی وەکوو بوونێک گرنگایەتیەکی زیاتری پێدەدرێ و هەر ئەو کاتە یەکەم بیرۆکەکانی لەخۆبایی بوون و ماف پێشێلکردن لە مێشکی دا چەقەرە دەدەن و چاوی بینینی لێ کوێر دەکا. کچەکەشی بەرەو هەرێمی بێبایەخ بوون پاڵ پێوەدەنێ و بیرۆکەی کۆیلەتی دەبێتە ڕێبازی ژینی و هەتا هەتایە خۆی بە خزمەتکاری باوک و برا و مێرد دەزانێ و ئەوەش وەکوو ڕاستیەک قەبووڵ دەکا. ڕاستە کە نەتەوەیەکی کۆیلەین، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ژن دوو جار کۆیلەیە. ئەگەر دایکەکان فیر بن بە چاوێک سەیری منداڵەکانیان بکەن و هاوشانی یەکیان ببینن، ڕەنگە زووتر لەم کۆیلەتیە ڕزگارمان بێت.

لە کۆمەڵگایەکەوە دێین هەرچی دەستی لە سەر دانێی و هەرچی دەستی بۆ درێژ کەی، مۆرکی پیاوەتی پێوەیە .. لە کۆمەڵگایەکەوە دێین، خودا و دین و ئایین و باوەڕ هەڵقوڵاوی بیری پیاون .. لە کۆمەڵگایەکەوە دێین، فەرهەنگ و کەلوپوور و ڕەسەنایەتی لە خزمەت بەرژەوەندی پیاو دایە و پیاوەتی دەپارێزن .. لە کۆمەڵگایەکەوە دێین، ژن لە خزمەت پیاو، پیاو دژ بە زانایی ژن ، ژن دژ بە ژن و ژیری ژن و ژن دژ بە خۆی ڕادەوەستێ .. لە کۆمەڵگایەکەوە دێین، تەنانەت وشە و ڕستە بۆ بەرژەوەندی پیاو دێنە قسە و دایکەکان ئەلف و بێی پیاوەتی فێری ڕۆڵەکانیان دەکەن و مرۆڤ بوون لای ئێمە یانی پیاوبوون ..

Sunday, November 15, 2009

پێویسته‌ هه‌موومان به‌ دژی بڕیاری له‌ سێداره‌دان له‌ ئێران هه‌ڵوێست بگرین

Thursday, March 20, 2008

نەورۆزی 2708ی کوردی پیرۆز بێت.

Saturday, March 15, 2008


له‌ به‌ر هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی ژیاوم و دانه‌ دانه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌ره‌و پێش چووم و که‌وتووم و هه‌ستاومه‌وه‌ و له‌ به‌ر هه‌موو ئه‌و چه‌ند دان و نه‌خته‌‌ ڕۆژانه‌ی که‌ ماون بژیم و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌بێ هه‌ڵیان بێنمه‌وه‌، ئه‌و ترسه‌ی که‌ جار و بار ده‌هات و ده‌یترساندم، ترساندوومه‌؛ ئه‌و ترسه‌ی که‌ پڕی ده‌کردم له‌ ترس و وای لێده‌کردم چیدی خۆم نه‌بینم و چاوم پڕ بن له‌ ده‌وروبه‌رم و ئه‌وبه‌رتریش، ورد و خاشم کردوه‌؛ ئه‌و ترسه‌ی که‌ مێشکمی پڕده‌کرد له‌و مانایانه‌ی هی خۆم نین، خنکاندوومه‌.

ئه‌گه‌رچی له‌ نێوان شه‌ش میلیارد حه‌شیمه‌تی سه‌ر عه‌رز ڕه‌نگه‌ وه‌کوو خاڵێکیش به‌رچاو نه‌یه‌م، به‌ڵام هه‌ر له‌ به‌ر مانه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و شه‌ش میلیارد خه‌ڵکه‌ی به‌ هه‌زاران و سه‌دهه‌زاران گرێ پووچکه‌ له‌ ژیانیان دا هه‌یه‌ و منیش خۆم به‌ شه‌ریکه‌ به‌ش ده‌زانم، جارێ ده‌مه‌وێ بمێنمه‌وه‌ و ڕێبوارێکی ناو یه‌كێک له‌م چیرۆکانه‌ بم، چون ده‌سته‌ویه‌خه‌ بوون له‌ گه‌ڵ گرێ‌پووچکه‌کان به‌ ڕه‌وتی ژیان ده‌زانم.


ئه‌و کێشانه‌ی هه‌موو ڕۆژێ هه‌ر کوردێک به‌ره‌وڕوویان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌مانهه‌ژێنێنن و سڕمان ده‌که‌ن و تووڕه‌مان ده‌که‌ن و فڕیمان ده‌ده‌نه‌‌ نێو هه‌واڵ و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌کانی ڕۆژ و له‌ پاشان له‌ قونیچکێک له‌ گه‌ڵ بیره‌کانی خۆمان دا بێده‌ره‌تان جێمان ده‌هێلێن و به‌ تووندی وامان لێده‌که‌ن به‌ شوێن چاره‌سه‌ره‌ییه‌ک دابین یان نا باشترین چاره‌سه‌ر بببینینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ره‌ییه‌ک مابێ، وام لێده‌کا له‌ به‌ر ئه‌و چه‌ند دانه‌ ڕۆژانه‌ی که‌ ماون بۆ بینینه‌وه‌ی ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ هه‌وڵ بده‌م.


هه‌ر شتێک که‌ نێوی ده‌نێی، نێوی بنێ، به‌ڵام ناتوانم حاشای بوونی خۆم و خۆت و ئه‌و و ئه‌وه‌ی دیکه‌ بکه‌م. ناتوانم ته‌نانه‌ت له‌و چه‌ند ڕۆژانه‌ی که‌ هیچمان نازانین چه‌نده‌ن، له‌ به‌ر تاق‌نه‌که‌وتن له‌ نێوان شه‌ش میلیارد حه‌شیمه‌تی سه‌ر عه‌رز ناسنامه‌که‌مان بسڕمه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ی یه‌کبوون له‌ گه‌ڵ یه‌كێ له‌ خه‌ڵکانی ئه‌و شه‌ش میلیارد حه‌شیمه‌ته‌ مۆر بکه‌م. ناتوانم بۆنی جیاوازی خاک و خۆڵی کورده‌واری له‌ گه‌ڵ که‌له‌پوورێکی جیاواز ئاوێته‌ بکه‌م و خۆم بسڕمه‌وه‌ و ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. ناتوانین و نابێ ته‌نانه‌ت له‌ به‌ر ئه‌و چه‌ند دان و نه‌خته‌ ڕۆژانه‌ی که‌ ماویشن، ڕه‌سه‌نایه‌تیمان بشۆینه‌وه‌ و جارێکی دی ویژدانمان له‌ به‌رابه‌ر ئه‌و ئازار و چه‌وسانه‌وانه‌‌ له‌ خه‌و بکه‌ین و ژیانی پڕ له‌ خۆشاردنه‌وه‌ هه‌ڵبژێرین.

بایه‌خه‌کان له‌ من و تۆ دا ڕیشه‌یان هه‌یه‌ و ڕه‌سه‌نایه‌تی من و تۆ ده‌پارێزن. ئه‌گه‌رچی هێندێک له‌ هه‌وڵی بێ‌بایه‌خ کردنی بایه‌خه‌کانن، به‌ڵام ڕاستی ڕێی خۆی ون ناکا و له‌ نێو مێشک و بیری که‌سانێکه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا که‌ له‌ ماناکان تێ‌گه‌یشتوون و بوونه‌ته‌ پارێزه‌ری ڕه‌سانایه‌تی من و تۆ. جا که‌ وایه‌ هه‌ر له‌ به‌ر بایه‌خه‌کان و ئه‌و ڕاستیانه‌ی من و تۆ ده‌نووسنه‌وه‌، له‌و چه‌ند دانه‌ ڕۆژانه‌ی که‌ ماون، هه‌وڵی تێگه‌یشتن له‌ ماناکان ده‌ده‌م. ‌


Tuesday, January 15, 2008




لە گەڵ ئەو هەموو مرۆڤدۆستی و یەکسانیە دەڵێی چی؟
ژان گەیشتۆتە سەر ئێسقان و مێشک پارچە پارچە بووه‌!
ئەوانە چین؟ کێن؟


وێنە

Friday, January 11, 2008



له‌ گه‌ڵ یاساکانی دنیاکه‌ی من و تۆ ته‌واو جیاوازی هه‌یه‌. نه‌ ترس هه‌یه‌ و نه‌ یاسای یاساغ. وه‌کوو دنیاکه‌ی ئێمه‌ نیه‌ که‌ بۆ وڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌کان یان ده‌بێ له‌مپه‌رێکی هه‌تاهه‌تاییت له‌ سه‌ر ڕێ بێ یان سه‌رت له‌ دیوار بکوترێ، یان ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ قه‌بووڵی هێندێ نه‌زانی و دواکه‌وتوویی بکه‌ی، چون نه‌ریته‌، دابه‌، مه‌زهه‌به‌. ئه‌گه‌رچی من وه‌کوو منی تاک قه‌ت چۆکیان بۆ داناده‌م.


دنیایه‌کی ته‌واو جیاوازه‌. هه‌موو شتێک ده‌توانی به‌ چاو ببینی. پرسیاره‌کان به‌ وڵامی جیاواز تاقی بکه‌یه‌وه‌ و هیچ شتێک قه‌ده‌غه‌ نیه‌، هیچ شتێک پیرۆز نیه‌. گرنگی شته‌کان هه‌موو وه‌ک یه‌که‌، هه‌موو له‌ پاڵ یه‌ک بۆ هه‌ڵسووران و هه‌بوونی من و تۆ له‌گه‌ڕدان. ده‌توانی وڵامی هه‌موو پرسیاره‌کان ببینیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر کلیلی نهێنیه‌کان به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ زانیاریه‌کانت ببینیه‌وه‌. لێره‌ نه‌ پێکهێنه‌رێک هه‌یه‌ و نه‌ په‌یام هێنه‌رێک. تۆ ده‌توانی به‌رپرچی قسه‌ی من بده‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌کانی تۆ بۆ سه‌لماندنی یاسایه‌ک به‌هێزتر و زانستی‌تر‌ بێ. منیش ده‌توانم هه‌ر به‌و پێیه‌ به‌رپرچی قسه‌ی تۆ بده‌مه‌وه‌. ده‌توانین به‌رپرچی به‌رهه‌مه‌ زانیستیه‌کانی که‌سانی چه‌ند سه‌د ساڵ پێش خۆشمان بده‌ینه‌وه‌، چون مه‌به‌ست ته‌نیا به‌ره‌وپێش چوون و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان و دوودڵیه‌کانه‌، مه‌به‌ست پیرۆزی مرۆڤی تایبه‌ت نیه‌، مه‌به‌ست بوونی مرۆڤه‌ به‌ گشتی.


ئه‌و ده‌مانه‌ی له سه‌ر DNA کار ده‌که‌م، زۆر شت به‌ لامه‌وه‌ بێمانا ده‌بن و زۆر شتیش مانا به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌گرن. سه‌ره‌کی ترین و گرنگترین به‌ش له‌ بوونی مرۆڤ، سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی مرۆڤ که‌ هه‌ڵگری هه‌موو زانیاریه‌ تایبه‌تیه‌کانی من و تۆ وه‌ک مرۆڤه‌، ده‌توانم به‌ چاو بیبینم. ده‌توانم دابه‌شبوونه‌که‌ی و به‌شه‌ جیاوازه‌کانی لێکده‌مه‌وه‌. ده‌توانم پرسیاره‌کانم به‌ ده‌یان جۆر تاقی بکه‌مه‌وه‌ و وڵامی ڕاست هه‌ڵبژێرم. هه‌ر بۆیه‌ پێم وانیه‌ شتێک هه‌بێ له‌ دنیا دا که‌ به‌ بێ وڵام بمێنێته‌وه‌. بۆ هه‌موو پرسیاره‌کان وڵامێک هه‌ر هه‌یه‌، وڵامێک که‌ بتوانێ بیری تینووی من و تۆ ڕازی بکات. جا ئه‌و پرسیاره‌ ده‌توانێ ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ترین گرێ پووچکه‌ی ژیان یان گه‌وره‌ترین بڤه‌ش‌ بێ، به‌ڵام هه‌ر به‌ بێ‌وڵام نیه‌.

Tuesday, July 03, 2007

. . کلیپی گۆرانیه‌که‌ی ئه‌و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بیره‌کانم بهاروژێ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و به‌ ئامێره‌که‌ی و ده‌نگی به‌ سۆزی، ئاواته‌ له‌ بیرکراوه‌کانی ده‌روونی به‌ سه‌ر بکاته‌وه‌، به‌ڵام من . . .

. . له‌ نێو دنیایه‌ک دا سه‌فه‌ر ده‌کا که‌ من تێیدا ده‌ژیم. حه‌زه‌کانی، خۆزگه‌کانی، خه‌یاڵه‌کانی له‌و شوێنه‌ گیرساونه‌ته‌وه‌‌ که‌ من ساڵه‌هایه‌ هه‌وارم له سه‌ر خاکه‌که‌ی به‌ جێهێشتووه‌. ده‌نگی خشپه‌ی پێی هزره‌کانی که‌ به‌ ئه‌سپایی به‌ سه‌ر بیره‌وه‌ریه خاپوورکراوه‌‌کانی چه‌ند سه‌رده‌م له‌مه‌وبه‌ردا هه‌نگاو هه‌ڵدێننه‌وه‌‌، دڵه‌خۆرپه‌ ده‌خه‌نه‌ دڵم. به ‌ناو ڕابردوویه‌کی ڕووخاو که‌ شوێن پێی تاراوگه‌نشینی پێوه‌ دیاره‌، چاوی تینووی به‌ شوێن ڕه‌نگێکی ئاشنا و ده‌ستی به‌ شوێن ده‌ستێکی ئاشنا، کۆڵانه‌ ناسیاوه‌‌کانی شار ده‌پشکنن.

. . ئه‌وه‌ی ڕاستیه‌ و حاشاهه‌ڵنه‌گر، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و و شاری بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و له‌ گه‌ڵ من گرێیان خواردوه‌ و هه‌ر هه‌نگاو هه‌ڵێنانه‌وه‌یه‌کی ئه‌و به‌ نێو ڕابردووی دا دڵه‌خۆرپه‌ی به‌ یه‌کگه‌یشتنه‌وه‌ له‌ ناو دڵم دا زیندوو ده‌کاته‌وه‌. خشه‌ی ده‌ستکێشانی به‌ سه‌ر دیواره‌ زبره‌کانی شار، بیره‌کانم وه‌ هه‌راهه‌را ده‌خات . . .
. . له‌ نێو دنیایه‌ک دا سه‌فه‌ر ده‌کا که‌ من تێیدا ده‌ژیم . . .

Friday, June 01, 2007

فیلمی Water چیرۆکی ئه‌و کچه‌ منداڵانه‌یه‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی دا ده‌بنه‌ بێوه‌ژن و ده‌نێردرێنه‌ "ماڵی بێوه‌ژنه‌کان". به‌خشینه‌وه‌ و ماره‌کردنی کچی سه‌ر لانک، هه‌ر ئه‌و نه‌ریته‌ دوور له‌ ئینسانیه‌‌یه‌‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ئێستاش له‌ هه‌ندێ شوێن باوه‌، به‌ڵام له‌ هێندوستان به‌ شێوه‌یه‌کی تر. کچی سه‌ر لانک له‌ پیاوی به‌ ته‌مه‌ن ماره‌ ده‌کرێ و تا کچه‌ ده‌گاته‌ ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵ و حه‌وت ساڵ کابرا ده‌مرێ و کچه‌ ده‌بێته‌ بێوه‌ژن و ده‌نێردرێنه‌ شوێنێک به‌ ناوی "ماڵی بێوه‌ژنان" و‌ تا کاتی مردن ده‌بێ ‌له‌وێ بژین. به‌ خێری خه‌ڵکی ده‌ژین و وه‌کوو گڵاو سه‌یریان ده‌کرێ و هیچ پیاوێک بۆی نیه‌ سه‌ردانیان بکا، به‌ڵام .‌ . .

Freedom Writers . . ڕه‌نگی پێست سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گیر و گرفتێکه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی پێستت سپی نه‌بێ، تاوانباری و ته‌نانه‌ت خوێنیشت حه‌ڵاڵه‌. ئه‌و فیلمه‌ چیرۆکی ڕاستی خوێندکارانی مه‌دره‌سه‌یه‌که‌ له‌ ئه‌مریکا. له‌ ڕووی بیره‌وه‌رییه‌کانی کچێک سازکراوه‌ و خۆی یه‌کێک له‌و خوێندکارانه‌ بووه‌ و . . .

The Persuit Of Happyness . . " ئێره‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی نازانن به‌خته‌وه‌ری بنووسن"، ئه‌وه‌ یه‌كێ له‌ قسه‌کانی ناو فیلمه‌که‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و فیلمه‌ چیرۆکی ژیانی زۆر له‌ ئێمه‌ بێ. له‌ کوێ بوونه‌که‌ی گرنگ نیه‌، چۆنبوونه‌که‌ی هه‌موو شتێکه‌.


Monday, May 28, 2007

Monday, May 21, 2007



ئه‌گه‌ر ئینسان چیدی هیچ شتێکی تازه‌ی پێ سه‌یر نه‌بێ و هیچ شتێکی سه‌یریشی پێ تازه‌ نه‌بێ و هیچ ڕووداوێکی ناخۆشیشی بۆ چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بێ، ئه‌و هه‌سته‌ ده‌بێ نێوی بنێی چی؟

Tuesday, May 01, 2007

شه‌یتانه‌کانی شه‌یتان . . . نووسینی Eduardo Galeano


شه‌یتان جووله‌که‌یه‌

هیتلێر له‌ خۆڕا ڕقی له‌ جووله‌که‌ نه‌بوو. ئه‌وه‌ ئێستا دوو هه‌زار ساڵی ڕه‌به‌قه‌ که‌ جووله‌که‌ تاوانبار به‌ کوشتنی مه‌سیحن و سه‌رچاوه‌ و هۆی هه‌موو ئێش و زامێکن. بڵێی مه‌سیحیش جووله‌که‌ بووبێ‌؟ قه‌ت. هیچ دڕدۆنگیه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ نیه‌. شه‌یتان له‌ که‌نیسه‌کان به‌کاره‌‌، جووله‌که‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ سه‌رقاڵی بێ‌حورمه‌تی کردن به‌ نانی فه‌تیر و شاردنه‌وه‌ی ئاوی پیرۆز بوون. جووله‌که‌ به‌رپرسی قاتی و قڕی و‌ ته‌نگانه‌ و دۆڕاندنی شه‌ڕکه‌ره‌کانن؛ هه‌ر ئه‌وان بوون که‌ تیفووس و گوولی و زۆر نه‌خۆشی دیکه‌یان بۆ به‌ دیاری هێناین.

.. له‌ وڵاتی ئینگلیس، وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی، نزم و خوێنمژ و به‌ته‌ماح له‌ جووله‌که‌ سازکرابوو. تا وه‌کوو له‌ ساڵی 1290 له‌و‌ وڵاته‌ ڕاوه‌دوویان نان، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌م دوورخستنه‌وه‌ش نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ گه‌وره‌ نووسه‌رانی وه‌ک چاوسێر، مارلا و شێکسپیێر - که‌ ته‌نانه‌ت تاقه‌ جووله‌که‌یه‌کیشیان به‌ چاو نه‌دیبوو - له‌ شاکاره‌ وێژه‌یی‌یه‌کانیان دا سووکایه‌تی به‌ جووله‌که‌ نه‌که‌ن. ئه‌و به‌ له‌عنه‌ت بووانه‌ که‌ تاوانبار به‌ خزمه‌تکردنی شه‌یتانن، به‌ درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ له‌م وڵات بۆ ئه‌م وڵات ڕاوه‌دوونران تا ئه‌وه‌ی که‌ بڕیاری قڕکردنی یه‌کجاریان درا. فه‌رانسه‌، ئوتریش، سپانیا، پورتۆگال و زۆر له‌ ناوچه‌کانی سویس و ئیتالیا و ئاڵمان لاسای ئینگلیسیه‌کانیان کرده‌وه‌ و جووله‌که‌کانیان ڕاوه‌دوونا. پاشاکانی کاتۆلیک، "ئیزابێل و فێردیناند"، جووله‌که‌‌یان به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زیان لێ پیس ده‌که‌ن له‌ سپانیا ده‌رکرد. جووله‌که‌ که‌ له‌ 13 سه‌ده‌ له‌وه‌ پێشه‌وه‌ له‌وێ ده‌ژیان، کاتی ڕۆیشتن کلیلی ماڵه‌کانیان له‌ گه‌ڵ خۆیان برد. هه‌ندێ له‌ نه‌وه‌ و نه‌تیجه‌کانیان ئێستاش ئه‌و کلیلانه‌یان هه‌ر پاراستوه‌، به‌ڵام قه‌ت نه‌گه‌ڕاونه‌وه‌. قڕکردنه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌که‌ی که‌ هیتلێر پلانی بۆ داڕشتبوو، ترۆپکی مێژووی سووکایه‌تی پێکردن و خوێناوی جووله‌که‌کان بوو. ڕاوکردنی جووله‌که‌ هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ وه‌رزشێکی ئوروپایی بووه‌. ئێستاش فه‌له‌ستینیه‌کان که‌ قه‌ت ئه‌و وه‌رزشه‌یان نه‌کردوه‌، تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو خۆێنه‌یان لێ ده‌ستێندرێته‌وه‌.

شه‌یتان موسوڵمانه‌

دانته‌ ده‌یزانی‌ محه‌ممه‌د تیڕۆریست بوه‌. هه‌ر ئه‌ویش بوو‌ دۆزه‌خی به‌ باڵا بڕی و حوکمی هه‌تاهه‌تایی تووانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ده‌رکرد. له‌ کتێبی دیواین کۆمێدی دا ده‌ڵێ: "محه‌ممه‌دم بینی که‌ له‌ نێوه‌ڕاسته‌وه‌ ببوو به‌ دوو له‌ته‌وه‌ . . . ". ئه‌و کاته‌ی‌ خێڵی موسوڵمانان، ببوونه‌ مه‌ترسی بۆ ئایینی خاچپه‌ره‌سته‌کان و ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیبوون، پاپه‌ خاچپه‌ره‌سته‌کان کردیانه‌ ده‌نگۆ که‌ خێڵی موسوڵمانان له‌ گۆشت و ئێسقان ساز نه‌کراون، به‌ڵکو هێزێکی شه‌یتانین و هه‌رچی زیاتر لێیان بکوژرێ، ژماره‌یان له‌ زۆری ده‌دا. له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ش‌ دا که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ زۆر زیاتر له‌وه‌ی که‌ دوژمن بفه‌وتێنن، دوژمن ده‌خۆڵقێنن. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ترس و دوژمنێک له‌ گۆڕێ دا نه‌بوایه‌ن‌، ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتی خوا چی لێ ده‌هات؟ له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ دا ترس ده‌سه‌ڵاتداری گشتیه‌ و خۆڵقێنه‌ری شه‌ڕ. تاقیکردنه‌وه‌کان‌ سه‌لماندوویانه‌ که‌ ترسی دۆزه‌خ، له‌ مزگێنی به‌هه‌شتی خوا کاریگه‌رتره‌. که‌وابوو‌ پێوقه‌ده‌می دوژمنه‌کانمان پیرۆز بێ!

.. له‌ سه‌رده‌می رێنێسانس دا هه‌ر کاتێک پله‌ و پایه‌ و کورسی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ هۆی نالێهاتوویی ئه‌وان و تووڕه‌یی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌که‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی خاچپه‌ره‌ست مه‌ترسی هێرشی ئیسلامیان زه‌ق ده‌کرده‌وه‌ و ترسیان ده‌خۆڵقاند و شه‌ڕێکی نوێی خاچپه‌ره‌ستیان ساز ده‌کرد و ئاکامه‌که‌شی هه‌ر ئه‌و جۆره‌ ده‌بوو که‌ خۆیان چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد. هه‌ر له‌م دواییانه‌ش دا‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ترسێنه‌ری گه‌وره‌ی دنیا، ”ئۆسامه‌ بن لادن" له‌ کاتێکی زۆر گونجاو دا خۆی نیشان دا و به‌ڵێنی دا که‌ ته‌نانه‌ت منداڵه‌ بچووکه‌کانیش به‌ کاڵی قووت بدا، بوو به‌‌ هۆی هه‌ڵبژێردرانی‌ " جۆرج واڵکێر بووش" به‌ سه‌رۆکایه‌تی دنیا.

.. له‌ ساڵی 1564 دا شه‌یتانناسی به‌ ناوبانگ، "یۆهان وایێر"، هه‌موو شه‌یتانانه‌کانی دژی مه‌سیحی بژاردبوو و ژماره‌یان خۆی له‌ حه‌وت ملیۆن و چوارسه‌د و نۆ هه‌زارو سه‌د و بیست و حه‌وت شه‌یتان ده‌دا و له‌ هه‌فتا ناوچه‌ی جیاواز دا بڵاوببوونه‌وه‌ و به‌ شه‌و و ڕۆژ خه‌ریکی پیلانگێڕی دژی دینی خودا بوون. بڵێی ئه‌وڕۆ ئه‌م ژماره‌یه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ زیادی کردبێت؟ هونه‌ری خۆحه‌شاردان له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ دا، ژماردنی شه‌یتانه‌کانی دژوار کردووه‌. شه‌یتانه‌ موسوڵمانه‌کانی ئه‌مڕۆ‌ شاخه‌کانیان له‌ ژێر پێچ و کڵاو دا ده‌شارنه‌وه‌؛ کلکی وه‌ک ئه‌ژدیها و باڵی وه‌ک شه‌مشه‌کوێره‌ و بۆمبه‌کانی ژێر باخه‌ڵیان له‌ ژیر عه‌بایه‌کی ڕه‌شی درێژ دا حه‌شار ده‌ده‌ن‌.


شه‌یتان ژنه‌

کتێبی مالێئوس مێیل فیکاروم باسی وه‌ده‌رنانی بێ‌به‌زه‌ییانه‌ی ڕوحی قڕێژ له‌ جه‌سته‌ی شه‌یتانه‌ مه‌مک و پرچ درێژه‌کان ده‌کا. ‌"هێنڕیش کڕاما" و "یاکوب شپرێنگێر" دوو بیردۆزی ئاڵمانی، ئه‌و کتێبه‌یان بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هێرشه‌کانی شه‌یتانی دژ به‌ خاچپه‌ره‌ستی نووسیبوو. ئه‌و کتێبه‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ ساڵی 1486 دا بڵاو بۆوه‌ و تا کۆتایی سه‌ده‌ی 18 وه‌کوو سه‌ره‌کی‌ترین بناغه‌ی یاسای دادوه‌ری و خواناسی له‌ دادگاکانی بیردۆزی، له‌ وڵاتانی جیاواز که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرا. نووسه‌رانی ئه‌و کتێبه‌ پێیان وابوو که ژنان دارده‌ستی شه‌یتانن یان له‌ ڕاستی دا ژن شه‌یتانی ڕاسته‌قینه‌یه‌، ده‌یانگوت: "هه‌موو جادوویه‌ک له‌ ویست و هه‌وه‌سی ده‌روونیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ که‌ له‌ لای ژن تێربوونی بۆ نیه‌". پێیان وابوو: "ژن گیانله‌به‌رێکی قیزه‌ون و ماڵوێرانکه‌ره‌ و به‌ ڕواڵه‌تێکی فێڵبازانه‌" بۆ له‌ ناوبردنی پیاوان، هه‌ر وه‌ک چۆن مار و دووپشک کاتی جووتگرتن کلکیان قیت ده‌که‌نه‌وه‌، پیاوان بۆ لای خۆیان ده‌کێشن و داگیریان ده‌که‌ن. ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ خه‌ڵکیان وریا ده‌کرده‌وه‌ که‌: "ژن تاڵتره له‌ مه‌رگ‌، بوونی پڕه‌ له‌ فێڵ و پیلان، دڵی ته‌ڵه‌یه‌ و باسکه‌کانی وه‌کوو دوو زنجیری ئه‌ستوورن". ئه‌و نامیلکه‌ تاوانناسیه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ هه‌زاران ژن له‌ نێو بڵێسه‌کانی ئاگر دا بسووتێندرێن. ئه‌و نامیلکه‌یه‌ بووه‌ هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ کردنی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی که‌ به‌ جادووگه‌ری تاوانبار ده‌کران. ژنه‌ تاوانباره‌کان، چ دانیان به‌ تاوانیان داهێنابا و چ دانیان پێدانه‌هێنابا، له‌ نێو ئاگردا ده‌سووتێندران. به‌ پێی ئه‌مری " پاپ هۆنۆریۆسی سێیه‌م"، پاپی ڕوحانی تایبه‌ت به‌ پیاوان: "ژنان مافی قسه‌کردنیان نیه‌، چون ئێستاش جێی شوێنی داغی حه‌وا- که‌ پیاوانی به‌‌ لاڕێدا برد - له‌ سه‌ر لێوه‌کانیان ماوه‌ته‌وه‌". ئه‌م فه‌رمایشه‌ی پاپ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تا هه‌شت سه‌ده‌ دواتریش، کلیسای کاتۆلیک مافی پێش نوێژی له‌ کچان زه‌وت بکات. موسوڵمانه‌ خه‌ست و خۆڵه‌کانیش هه‌ر به‌م ده‌رده‌ تووشن و ناوگه‌ڵی ژن لێیان بۆته‌ گرێ پووچکه‌ و رۆخسار و به‌ژن و باڵای ژن داده‌پۆشن. پیاوانی جووله‌که‌ش‌ به‌ پێی ئایینه‌که‌یان ڕۆژه‌که‌یان ئاوا ده‌ست پێده‌که‌ن و ده‌ڵێن: "سوپاس بۆ خوا که‌ من ژن نیم".


شه‌یتان هۆمۆسێکشۆوڵه‌

.. له‌ پۆرتۆگال له‌ ساڵی 1446‌ ‌وه‌، جێی هۆمۆسێکشۆوڵه‌کان نێو ئاور بوو. له‌ سپانیا له‌ ساڵی 1497 به‌ زیندوویی له‌ نێو ئاور دا ده‌یانسووتاندن. بڵێسه‌ی ئاور چاره‌نووسی ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ شه‌یتانیه‌ بوو که‌ له‌ بڵێسه‌ی ئاوری دۆزه‌خه‌‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتبوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ دا له‌ ئه‌مریکا، سپانیۆلیه‌کان پێیان باشتر بوو که‌ هۆمۆسێکشۆوڵه‌کان ده‌رخواردی سه‌گی دڕ بده‌ن. "واسکۆ نۆونێز دێباڵبوا" که‌ خه‌ڵکێکی زۆری به‌م چاره‌نووسه‌ برد، باوه‌ڕی وابوو که‌ هۆمۆسێکشوواڵیتی وه‌کوو په‌تا وایه‌. دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج سه‌ده‌ ئه‌م قسه‌یه‌م دیسان له‌ زاری ئۆسقۆفی گه‌وره‌ی "مۆنتێ ویدیئۆ" بیسته‌وه‌.

کاتێ که‌ یه‌که‌مین گه‌ڕیده‌کانی سپانیایی ڕوویان له‌م وڵاته‌ کرد، ته‌نیا خه‌ڵکانی " ئازته‌ک" و "ئینکا" بوون که‌‌ سزای مه‌رگیان بۆ هۆمۆسێکشۆوڵه‌کان دیاری کردبوو. خه‌ڵکانی دیکه‌ی قاڕره‌ی ئامریکا وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئاسایی سه‌یری هۆمۆسێکشۆواڵێتیان ده‌کرد و هێندێکیان نه‌ ته‌نیا قه‌ده‌غه‌یان نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو جێژنی تایبه‌تیان بۆ ده‌گرت. ئه‌م بێشه‌رمیه‌ی ئه‌وان ده‌بووه‌ هۆی تووڕه‌یی خوای سپانیۆلیه‌کان. ئه‌وان پێیان وابوو، نه‌خۆشیه‌کانی مێکوته‌، سوورێژه‌ و گوێڕه‌په‌ و به‌ گشتی هه‌موو نه‌خۆشیه‌ نه‌ناسراوه‌کانی تر که‌ سوورپێسته‌کان تووشی ده‌بوون، له‌ ئوروپاوه‌ نه‌ده‌هات، به‌ڵکو سزای خوا بوو به‌ هۆی بێشه‌رمی سوورپێسته‌کان‌ دژ به‌ یاساکانی سروشت.


.. له‌ هیچ کوێ نه‌ له‌ ئامریکا و نه‌ له‌ ئوروپا و نه‌ له‌ هیچ شوێنێکی تر ئه‌ژماری ئه‌و هۆمۆسێکشۆوڵانه‌ی که‌ ئه‌شکه‌نجه‌ کراون یان کوشتراون، تۆمار نه‌کراوه‌. نه‌ له‌ ڕابردووه‌ به‌ڵگه‌یه‌کی تۆمارکراو له‌ ڕێژه‌ی کوژراوه‌کان هه‌یه‌ و نه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌ی ئێستا. نازیه‌کانی ئاڵمان "ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌یان به‌ تاوانی بێ‌ڕێزی کردن به‌ یاسا سروشتیه‌کان"، مه‌جبوور کردبوو ئاڕمێکی په‌مه‌یی سێ‌گۆشه‌ به‌ جله‌کانیانه‌وه‌ بدوورن. ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ند که‌سیان بۆ که‌مپه‌کانی مه‌رگ ناردراون، هیچ دیار نیه‌؟ نه‌ قه‌ت ناویان هاتووه‌ و نه‌ قه‌تیش مردووه‌کانیان ئه‌ژمێردراون. ئه‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان و بانکه‌کانی سویس ته‌نیا "هه‌ڵه‌یه‌ک!" بوو و زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ دواتر له‌ 18 سێپته‌مبه‌ری 2001 بڕیاریان دا که‌ "پێداچوونه‌وه‌یه‌کیان هه‌بێ به‌ سه‌ر ئه‌و یاسا "هه‌ڵه‌یه‌ی" له‌ که‌مپه‌کانی مه‌رگ ته‌نیا بۆ هۆمۆسێکشووڵه‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌چوو". ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م "هه‌ڵه‌یه‌" زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی خایاند. بڕیاره‌که‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و هۆمۆسێکشۆوڵانه‌ی له‌ که‌مپه‌کانی "ئاوسشویتز" به‌ زیندوویی ڕزگاریان بووه‌، یان ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێک له‌ بنه‌ماڵه‌که‌یان زیندووه، مافی قه‌ڕه‌بوویان بدرێتێ.


شه‌یتان سوورپێسته‌

گه‌ڕیده‌کانی سپانیایی بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ کاتێک شه‌یتان له‌ ئوروپا وه‌ده‌رنرا له‌ ئه‌مریکا گیرسایه‌وه‌. له‌ دوڕگه‌ و قه‌ڕاخ ئاوه‌کانی ده‌ریای کارائیب، گیانله‌به‌رانێکی ڕووتی دوور له‌ شارستانیه‌ت ده‌ژیان و وێده‌چوو که‌ له‌ به‌ره‌ی شه‌یتان بن. ئه‌وان کڕنۆشیان بۆ خۆر و عه‌رز و کێو و چۆمه‌کان و زۆر شتی تر ده‌برد و پله‌ی خودایه‌تیان پێدابوون. هاوسه‌رین بوون بۆ ئه‌وان وه‌ک "کایه‌"یه‌ک بوو که‌ له‌ هه‌ر کات و ساتێک و به‌ بێ هیچ له‌مپه‌رێک ده‌کردرا. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ هیچ ئاگایان له‌ "ده‌ فه‌رمان"، "حه‌وت ئایینی جیاوازی خاچپه‌ره‌ستی" و "حه‌وت تاوانی گه‌وره‌" نه‌بوو. نه‌ مانای وشه‌ی تاوانیان ده‌زانی و نه‌ ترسێکیشیان له‌ دۆزه‌خ هه‌بوو. خه‌ڵکانێکی نه‌خوێنده‌وار بوون و هیچ شتێکیان له‌ مافی داگیرکردن و شتی وا نه‌ده‌زانی. به‌شێکیان دابی یه‌کترخواردنیان هه‌بوو، ئه‌ویش به‌ کاڵی.


بۆ ئوروپاییه‌کان، داگیرکردنی قاڕره‌ی ئه‌مریکا "جندۆکه‌ گرتنێکی" زۆر دژوار بوو و ماوه‌یه‌کی درێژی خایاند. شه‌یتان وا له‌ ناخی ئه‌م وڵاته‌ ڕۆچووبوو که‌ کاتێ سوورپێسته‌کان به‌ ڕواڵه‌ت کڕنۆشیان بۆ مریه‌م ده‌برد، له‌ ڕاستی دا ڕێزیان له‌ ماری ژێر پێیان ده‌گرت، یان له‌ کاتی ماچکردنی‌ خاچی خاچپه‌ره‌سته‌کان به‌ هیچ جۆرێک کوڕی خوایان نه‌ده‌دی و زیاتر بیریان له‌ لای گه‌وره‌یی عه‌رز و باران بوو. گه‌ڕیده‌کانی سپانیایی، ئه‌رکی خۆیان له‌ ساندنه‌وی زیڕ و زێو و خه‌زێنه‌ سروشتیه‌کانی خوا که‌ شه‌یتان داگیری کردبوو، به‌ ئه‌نجام گه‌یاند. وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌زێنانه‌ زۆر ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام خوا یارمه‌تیده‌ر بوو.


شه‌یتان ڕه‌ش پێسته‌
وه‌کوو تاوان و تاریکایی، مرۆڤی ڕه‌ش پێست دژی ڕووناکایی و بێتاوانیه‌. مارکۆپۆلۆ له‌ سه‌فه‌رنامه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌ی دا به‌م جۆره ‌باسی خه‌ڵکانی نیشته‌جێی "زه‌نگبار" ده‌کا و ده‌ڵێ: "زاریان زۆر زل، لێویان پان و لووتیان وه‌ک لووتی مه‌یموون ده‌چوو. هه‌میشه‌ ڕووت بوون. ڕه‌نگی پێستیان زۆر ڕه‌ش بوو، به‌ جۆرێک که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ شوێنێکی دیکه‌ی دنیا به‌ شه‌یتان ناوزه‌د کرابان". سێ سه‌ده‌ پاش ئه‌م قسه‌یه‌ی مارکۆپۆلۆ، له‌ شانۆکان و جێژنه‌کانی سپانیا، شه‌یتان به‌ جه‌سته‌یه‌کی ڕه‌شه‌وه‌ به‌‌ سواری داشقه‌یه‌کی ئاگراوی نیشان ده‌درا. "سانت تێرێز دێ یێزوس" که‌ هه‌موو ژیانی دژی شه‌یتان شه‌ڕی کردبوو، قه‌ت نه‌یتوانی له‌ چنگی ڕزگار بێ. ڕۆژێکیان شه‌یتان ده‌بینێ که‌ ڕواله‌تێکی ڕه‌ش و ناحه‌ز و ترسێنه‌ری ده‌بێ. جارێکی تریش شه‌یتانێکی ڕه‌شی ئاگراوی ده‌بینێ که‌ کتێبی "پیرۆز" ده‌سووتێنێ. ئه‌وه‌ش له‌ قسه‌کانی "سانت تێرێز دێ یێزوس" بوو.

پێوه‌ندی نێوان ئه‌فریقا و ئوروپا به‌ درێژایی سه‌ده‌کانی 16، 17 و 18 به‌م جۆره‌ بووه‌: ئه‌فریقا دیلی به‌ ئوروپا فرۆشتووه‌ و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی کڕیوه‌، یانی نرخی "مرۆڤ"، "تووند و تیژی" بووه‌. شه‌یتان ئاژاوه‌ی خستبووه‌ ناو ئه‌فریقا و ئه‌و چه‌ک و چۆڵه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ بوو و دیلی و یه‌خسیریش یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کان بوون بۆ ڕزگار بوون له‌ داوی شه‌یتان. ڕه‌ش پێسته‌کان به‌ر له‌وه‌ی به‌ ئاسنی سووره‌وه‌بووی سپیه‌کان سینگ و ڕوومه‌تیان داغ بکرێ، به‌ ئاوی پیرۆزی خاچپه‌ره‌سته‌کان وسڵیان پێده‌کرا‌ و به‌م جۆره‌ روحی ئینسانی ده‌چووه‌ ناو جه‌سته‌یان و شه‌یتانی لێ دوور ده‌کرایه‌وه‌. به‌ درێژایی سه‌ده‌کانی 19 و 20، ئه‌فریقا زێڕ، ئاڵماس، مس، مه‌ڕمه‌ڕ، کائۆچۆ و قاوه‌ی له‌ گه‌ڵ ئینجیلی خاچپه‌ره‌سته‌کان گۆڕیوه‌ته‌وه‌؛ یانی نرخی "به‌رهه‌می سروشتی"، "کتێبی ئینجیل" بووه‌. ئوروپایی‌یه‌کان له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون خوێندنه‌وه‌ی ئینجیلی پیرۆز ڕێخۆشکه‌ری به‌هه‌شته‌ بۆ ئه‌فریقاییه‌کان، به‌ڵام له‌ بیریان چوو فێری خوێندنه‌وه‌یان بکه‌ن!.

شه‌یتان بیانیه‌

"تاوان پێو ؟" پێمان ده‌ڵێ که‌ کۆچه‌ره‌کان کاره‌کان له‌ ئێمه‌ ده‌دزن و زه‌نگی مه‌ترسیمان بۆ لێده‌دات. کۆچه‌ری گه‌نج هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هۆی هه‌ژاری و ڕه‌نگی پێستی ئاژاوه‌چی و تاوانباره.‌ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ژار و گه‌نجیش نه‌بێ و هاوڕه‌نگی ئه‌وانی تریش بێ، دیسان بوونی دڵخواز نیه‌، چون به‌ نیوه‌ی حه‌قده‌ست، دوو هێنده‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ کار ده‌کا. له‌ بارودۆخێک دا که‌ ترس ده‌سه‌ڵاتداره‌ و کار که‌مه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکار هاتۆته‌ خوارێ و ئاسایش نیه‌ و ده‌بێ تاوانباری پێکهێنه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ دیاری بکرێ ، قامک بۆ لای کابرای کۆچه‌ر درێژ ده‌کرێت، کۆچه‌رێک که‌ بۆته‌ داوه‌ڵی ئه‌م بارودۆخه‌.

.. له‌ زه‌مانی زوو دا، ئوروپا شه‌ڕکه‌ر و دیل و پیاوخراپ و جوتیاره‌ برسیه‌کانی به‌ هه‌موو دنیا دا بڵاو ده‌کرده‌وه‌ و وڵاتانی تریان داگیر ده‌کرد. ئوروپاییه‌کان خۆیان کردبووه‌ ڕێبواری ڕێگای خوا و ڕه‌مزی په‌ره‌ساندنی شارستانییه‌ت و ڕزگاربوون له‌ دواکه‌وتوویی، به‌ڵام ئێستا له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ دا کۆچکردن به‌ پێچه‌وانه‌ی جارانه‌. کۆچه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ باشووره‌وه‌ ده‌چن بۆ باکوور. کۆچه‌ری ئه‌و‌ڕۆیی نه‌ خه‌نجه‌ریان پێ‌یه‌ و نه‌ چه‌کیان له سه‌ر‌ شانه‌. زۆربه‌یان له‌ وڵاتانی تاڵانکراوی ده‌ستی داگیرکه‌رانی ئوروپاییه‌وه‌‌ دێن و ته‌نیا ئامانجیان بینینه‌وه‌ی کارێکه‌ به‌ پاره‌یه‌کی که‌م، به‌ڵام ده‌سهه‌ڵاتدارانی تاڵانکه‌ر ئه‌و کۆچه‌رانه‌ به‌ په‌یامهێنه‌رانی شه‌یتان ناوزه‌د ده‌که‌ن و کۆچه‌که‌یان به‌ هێرشی دواکه‌وتوویی بۆ سه‌ر شارستانییه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.


شه‌یتان هه‌ژاره‌

هه‌ژاره‌کان به‌ شوێنتانه‌وه‌ن! کاتێ نان ده‌خۆن، ئه‌وان تامی ده‌که‌ن. کاتێ ده‌خه‌ون، ئه‌وان بۆسه‌یان ناوه‌ته‌وه‌. له‌ ناخی هه‌ر هه‌ژارێکدا، تاوانبارێک یان تێرۆریستێک شاردراوه‌ته‌وه‌. ژماره‌یه‌کی زۆر تاڵانکه‌ر، ماڵ و سامانی تاقمێکی که‌میان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. ده‌زانین که‌ خه‌ڵکی دنیا بوون به‌ دوو به‌ش، به‌شێک که‌ له‌ برسان خه‌ویان بزڕکاوه‌ و به‌شێکیش له‌ به‌ر تێری. شاره‌کانی ئه‌ڕۆ به‌ندیخانه‌ی‌ دیله‌کانی ترسن. ماڵه‌کان بوونه‌ته‌ قه‌ڵای شه‌ڕ و جلی ئاساییش، جلی شه‌ڕ.


هه‌لومه‌رجی نائاسایی: له‌ خۆتان وریا بن، ئاماده‌ی به‌رگریکردن له‌ خۆتان بن، بڕوا به‌ که‌س مه‌که‌ن. چاوه‌ڕێی ده‌ستدرێژی، ڕفاندن یان بارمته‌ گرتن بن، دره‌نگ و زووی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ چنگی هه‌ژاره‌کان رزگارتان نابێ. له‌ گه‌ڕه‌که‌ پڕمه‌ترسیه‌کانی شار، ئه‌و هه‌ژارانه‌ی به‌رپرسی چاره‌ڕه‌شیه‌کانی داهاتووی ژیانتانن، خۆیان له‌ تاریکی دا حه‌شار داوه‌ و ڕق و قین به‌ ناخیاندا ڕۆچووه‌. ئه‌و پێخواس و بێماڵ و حاڵانه‌، ئه‌و سه‌رخۆش و مۆعتادانه‌ هه‌ژاره‌ بێداهاتووه‌کانی داهاتوون. که‌س دڵخۆشیان ناداتێ و که‌سیش پێیان دڵخۆش نابێ.


به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌م هێلکه‌‌دزانه‌ لاسایی ئاغاکانی دنیا ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌و ئاغایانه‌ی ڕاز و نهێنی به‌خته‌وه‌ربوون فێری خه‌ڵک ده‌که‌ن. که‌س له‌م هه‌ژارانه‌ ناگات، که‌س نازانێ هه‌ژاری چیه‌. هاووڵاتی باش بوون یانی ڕه‌چاوکردنی ڕێ و شوێنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆمه‌ڵگا، ئه‌وانه‌ی که‌ش و هه‌وا ده‌رمانداو ده‌که‌ن، حه‌قده‌سته‌کان دێننه‌ خوارێ، کاره‌کان که‌مده‌که‌نه‌وه‌ و وڵاتانی تر داگیر ده‌که‌ن و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌. هه‌ژاره‌ ترسهێنه‌ره‌کانیش له‌وانه‌وه‌ شت فێر ده‌بن و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دان ببنه‌ هاووڵاتیه‌کی باش.


Eduardo Galeano
و: به‌یان فه‌رشی

سه‌رچاوه‌: Le Monde diplomatique
- Johann Wier
- Chaucer – the known English Poet
- Malleus Maleficarum
- Heinrish Kramer
- Jakob Sprenger
- Montevideo
- Cerro Rico de Potosi
- Saint Therese de Jesus
- Culpometre



Saturday, April 28, 2007

Sunday, April 01, 2007

چاوخشاندنێک . . .


مه‌رزه‌ جه‌وانمه‌رد:

" ئه‌من بۆخۆم ئاره‌زوومه نه‌ڵێن ژنێك هات، بڵێن ئینسانێك هات! من كاتێك قسه ده‌كه‌م، وه‌كو قسه‌ی ژنێك وه‌ری نه‌گرن، وه‌كو قسه‌ی مرۆڤێك وه‌ریبگرن! ئه‌وه‌یه زه‌ره‌ر له كاری ژن ده‌دات، كارده‌كاته سه‌ر كه‌سایه‌تی و سۆز و بیروباوه‌ڕ و هه‌موو هه‌ستی ژن! ئه‌م جوداكردنه‌وه و په‌سندنه‌كردنه وه‌ك مرۆڤ، وات لێده‌كات هه‌ر كارێك ده‌كه‌ی سوودی نه‌بێت، چونكه كاتێك جیاكرایته‌وه، ئه‌وان به پێوانه‌ی خۆیان هه‌ڵسه‌نگاندنت له‌سه‌ر ده‌كه‌ن - به سوودی ئه‌وانت نووسی، ئه‌وه زۆر باشه، ده‌نا نه-".



به‌همه‌ن قوبادی:

" ئێستا، له ئه‌مڕۆی كوردستاندا پیاو زاڵه. ئه‌مه عه‌یبێكه كه ده‌بێ له خۆمانی بگرین ..."

" له كوردستان په‌نجه‌ره‌كه‌ی ماڵه‌كه‌م ئه‌كه‌مه‌وه كێو ئه‌بینم، هه‌میشه به‌رچاومی گرتووه. هه‌رگیز نه‌متوانیوه ئه‌وبه‌رتر ببینم. هه‌رگیز نه‌متوانیوه ژیانێكی ئه‌مڕۆیی ببینم. ئه‌بێ ئه‌م كێوانه لابه‌ین. ئه‌مانه له‌به‌رچاومان لابه‌ین."

" بۆ ده‌بێ له كوره‌په‌زخانه‌دا ته‌نیا ژن كار بكات؟ بۆ ده‌بێ پیاو دانیشێ و قلیان بكێشێ؟ سه‌مای ژن بۆته سه‌مای قوڕ. ژنێك ئه‌ناسم ئه‌یگوت‌ كاتێك قوڕه‌كه ئه‌شێلم هه‌ست ئه‌كه‌م خه‌ریكم هه‌ڵه‌په‌ڕم. ئه‌م بیره هه‌ڵه‌ له‌ناو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانماندا ڕه‌گی داكوتاوه."



مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:

" زۆر جار بۆچوونێكی وا ده‌ربڕدراوه‌ و ده‌وترێت ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی كێشه‌ی ژن ده‌نووسن، خۆیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌دا له‌ كێشه‌دان بۆیه‌ ده‌نووسن، ئه‌مه‌ بۆچوونێكی سه‌قه‌ته‌. ڕه‌نگه‌ بۆ ڕیزپه‌ڕێك وا بێت، به‌ڵام به‌ گشتی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له باره‌ی كێشه‌ی ژنه‌وه‌ ده‌دوێن و باس له‌ ئازادبوونی ژن و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، خۆیان وه‌ك تاك له‌و داوانه‌، یان بڕێكی زۆر له‌و كۆت و پێوه‌ندانه‌ ڕزگار كردووه‌ كه‌ له‌ ئه‌ستۆ و له‌ ده‌ست و پێی ژندان."



هێرۆ ئه‌حمه‌د:

" ئه‌مه‌ زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی مێژووییه‌ که‌ ژنان له ناو و ناوبانگی خۆیان بێبه‌ش بکه‌ن و به‌ ناوی هاوسه‌ره‌که‌یان ناویان به‌رن. جا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چ کێشه‌یه‌که‌ که‌ ژنان ناوی بنه‌ماڵه‌یی خۆیانیان هه‌بێت؟ من به‌م ناوه‌ هاتوومه‌ته‌ دونیا و به‌م ناوه‌ش به‌ناوبانگم. که‌وابوو بۆچی ناوی بنه‌ماڵه‌ییه‌کی دیکه‌ له‌سه‌ر خۆم دانێم و حاشا له‌ شوناسی خۆم بکه‌م؟ من ئه‌م شێوه‌ کاره‌م به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ ناته‌بایی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سۆز ‌و حورمه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ هاوسه‌ر و مناڵه‌کانمدا نابینم."



ڕێگا ره‌ئووف:

" سه‌باره‌ت به‌ خۆکوشتنی ژنان و به‌ تایبه‌ت خۆسووتاندن، بێڕه‌حمانه‌ترین دیارده‌یه‌ که‌ ژنان ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر ئینسان تروسکایی له‌ ژیانیدا ببینێت، پێم وا نیه‌ به‌و جۆره‌ ده‌ستی بچێته‌ ژیانی شیرینی خۆی. بۆیه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌م گوزارشت له‌ دڕه‌نده‌یی کولتووره‌که‌ ده‌کات و هه‌م لاوازی و پاسێڤیتی ژنان. به‌ڵام هۆکاری ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ ژنان خۆیان نین، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵگای پیاوسالار و دژی ژنه‌ که‌ جه‌هه‌نه‌مێکیان بۆ ژنان خۆڵقاندووه‌ که‌ به‌و جۆره‌ کۆتایی پێی دێنێ. من پێم وایه‌ زۆرێک له‌و ژنانه‌ که‌ خۆیان ده‌سووتێنن، به‌و مه‌به‌سته‌یه‌ که‌ جۆرێک ناڕه‌زایه‌تی به‌و وه‌زعه‌ی مه‌وجوود ده‌که‌ن، به‌و ئومێده‌ی پاش خۆیان ئاڵ و گۆڕێک به‌دی بێت. که‌سێکی زۆر نزیکی من که‌ کچی ساحیب ماڵه‌که‌مان بوو، له‌ سلێمانی له‌ ساڵی 1997 خۆی سووتاند. کاتێک چووم بۆ لای بۆ خه‌سته‌خانه‌، وتی من خۆم سووتاند به‌شکه‌م ماڵه‌وه‌ بۆ خۆشکه‌کانی ترم باش بن."


سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی دیمانه‌ و ئاران


Tuesday, March 20, 2007

"Imagine"
Imagine there's no Heaven
It's easy if you try
No hell below us
Above us only sky
Imagine all the people
Living for today
Imagine there's no countries
It isn't hard to do
Nothing to kill or die for
And no religion too
Imagine all the people
Living life in peace
You may say that I'm a dreamer
But I'm not the only one
I hope someday you'll join us
And the world will be as one
Imagine no possessions
I wonder if you can
No need for greed or hunger
A brotherhood of man
Imagine all the people
Sharing all the world
You may say that I'm a dreamer
But I'm not the only one
I hope someday you'll join us
And the world will live as one


"John Lennon"


نه‌ورۆز


ڕۆژ و نیوێک به‌ کۆتایی ساڵی کۆن یان ده‌ست پێکردنی ساڵی نوێ ماوه‌. ڕۆژ و نێوێک بۆ کۆتایی پێهاتن به‌ چاوه‌ڕوانیه‌کانی ساڵی پار، نائۆمێدیه‌کانی و پێکه‌نینه‌کانی. ڕۆژ و نیوێک که‌ خۆی به‌ قه‌د ساڵێک ده‌توانێ درێژ بێ. رۆژ و نیوێک که‌ ده‌کرێ به‌ قه‌د ساڵێک قسه‌ی تێدا بگوترێ و ببیسترێ.


ساڵێکی دیکه‌ تێپه‌ڕێ به‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی گوتران و بیستران و نووسران و له‌ هه‌نبانه‌ی ساڵی پار دا له‌ نێو ئارشیوی نه‌دیتراوه‌کان دا جێیان بۆوه‌. ساڵێکی تر تێپه‌ڕی به‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی نه‌ده‌با بگوتران و گوتران و له‌ ده‌فته‌ری یاخیه‌کان دا تۆمار کران. ساڵێکی تر تێپه‌ڕی به‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی نه‌گوتران و وه‌کوو ڕازێک مانه‌وه‌.


ساڵێکی تر که‌ ئیدی له‌ ڕۆژئه‌ژمێری ڕۆژانه‌ دا لاپه‌ڕه‌کانی بۆ هه‌ڵنادرێته‌وه‌، ساڵێک که‌ پڕ بوو له‌ شه‌ڕ و کوژران و کوشتن و ده‌ستدرێژی به‌ تاوانی هاوڕه‌گه‌زنه‌بوون له‌ گه‌ڵ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و نه‌ته‌وه‌، به‌ تاوانی دواکه‌وتوویی و به‌ تاوانی مرۆڤ بوون. ساڵێکی تر که‌ پڕ بوو له‌ شانازی وڵاته‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی دنیا به‌ کوژراوه‌کانیانه‌وه‌. ده‌ریایه‌ک خوێن ڕشترا به‌ نێوی ئازادی، به‌ نێوی ئازادکردنی پاپه‌تیه‌کانی دنیا، به‌ نێوی ڕزگار کردنی ئه‌و مرۆڤانه‌ی باشترین بیانوو بوون بۆ شه‌ڕ و کوشتن.


ساڵێکی دی له‌ سه‌ده‌ی 21 تێپه‌ڕی و ئیستاش ده‌بێ چیرۆکه‌ دوور و درێژه‌که‌ی هه‌میشه‌یی له‌ کوێوه‌ هاتووم و کورد چیه‌، بگێڕمه‌وه‌. ساڵێکی تر تێپه‌ڕی و من و که‌سانی وه‌ک من خه‌ریکی نووسینی بیره‌ ورد و نه‌دیتراوه‌کانمانین و له‌ ساڵه‌کان دا چ گۆڕانێک پێک ناهێنین و چ گۆڕانێکیش نابینین.



ساڵێکی دیکه‌ و نه‌ورۆزێکی دیکه‌ . . . نه‌ورۆزتان پیرۆز . . . ساڵی نوێتان پیرۆز . . .



Friday, March 16, 2007

هه‌ڵه‌بجه‌


ڕۆژێک پڕ له‌ بێده‌نگی، کپ بوون. بیره‌وه‌ری بێده‌نگبوونی شارێک به‌ بێده‌نگی. شارێک له‌ چاوه‌ڕوانی نه‌ورۆز دا به‌ زۆر به‌ره‌وپیر مه‌رگ ده‌بردرێ، به‌ره‌وپیر مه‌رگێکی بێده‌نگ . . .


نۆزده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، نه‌ من ‌هێنده‌ گه‌وره‌ بووم که‌ ببم به‌ خه‌مڕه‌وینی ئازارێکی بێده‌نگی له‌ ناو دڵ و گه‌رووی قه‌تیس ماوی ئه‌ودا، نه‌ ئه‌و هێنده‌ گه‌وره‌ بوو، هه‌ست به‌ ئازاری بێده‌نگبوونی خه‌ڵکی شاره‌که‌ی بکا . . .


نۆزده‌ ساڵه‌ بێده‌نگیه‌کان ڕاو ده‌نێ، نۆزده‌ ساڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئازاری بێده‌نگبوونی چرکه‌ ساتێک، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێده‌په‌ڕێنێ. نۆزده‌ ساڵه‌ ئه‌و بێده‌نگیه‌ی بۆنی مه‌رگی هێنا، بێده‌نگی شه‌وانی تێک ده‌شکێنێ . . .


نۆزده‌ ساڵه‌ ده‌مه‌و به‌هار یادی منداڵانی شاره‌که‌ی به‌ بێده‌نگی ده‌کاته‌وه‌ . . .




Thursday, March 15, 2007

حه‌سه‌ن که‌یف


ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ ته‌مای کێشانی سه‌ددێکه‌ له‌ سه‌ر شاری کۆنی "حه‌سه‌ن که‌یف". پرۆژه‌که‌ به‌ ناوی "Ilisu-Staudamm" ناوزه‌د کراوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی بۆ بچێته‌ سه‌رێ، ئه‌وا شاری "حه‌سه‌ن که‌یف" ژێر ئاو ده‌که‌وێ.


به‌ پێی ئه‌و ئی- مه‌یله‌ی به‌ ده‌ستم گه‌یشتوه‌، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کانی ئاڵمان دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌که‌ن، به‌ڵام هێشتا دوایین بڕیار له‌ لایه‌ن پارڵه‌مانی ئاڵمانه‌وه‌ نه‌دراوه‌. به‌ پێی ئه‌م هه‌واڵه‌، گۆیا تا دوو حه‌وتووی داهاتوو، وڵاتی ئاڵمان دوایین بڕیاری خۆی ده‌دا، جا هیچ ڕوون نیه‌ ئاخۆ به‌ دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی تورکیا یان نا. هاوکات له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دوو وڵاتی سویس و ئوتریش ڕازی به‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ن و پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی تورک ده‌که‌ن.


ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی جێبه‌جێ بکرێ:

- نۆ هه‌زار ساڵ مێژووی کۆنی شاری " حه‌سه‌ن که‌یف " له‌ ناو ده‌چێ.
- په‌نجا هه‌زار که‌س بێ ماڵو حاڵ و هه‌ڵوه‌دا ده‌بن.
- که‌ش و هه‌وای ناوچه‌ی تیگریس به‌ یه‌کجاری له‌ ناو ده‌چێ.


بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی خۆتان دژ به‌م پڕۆژه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا، ده‌توانن بۆ ئه‌م ناو و نیشانانه‌ی خوارێ ئی- مه‌یل به‌ زمانی ئاڵمانی یان ئینگلیزی به‌ڕێ بکه‌ن.


سه‌یری ئێره‌ش بکه.

Bundeskanzlerin Angela Merkel
Bundeskanzleramt
Fax: 030-4000-1843


Bundesministerium für Wirtschaft und Technologie
Minister Hr. Michael Glos
Scharnhorststr. 34-37, D-10115 Berlin
Fax: 030-2014 7030



Bundesministerium der Finanzen
Hr. Peer Steinbrück
Wilhelmstraße 97, D-11016 Berlin
Fax: 030-2242-1657


Auswärtiges Amt Hr. Frank-Walter Steinmeier
Werderscher Markt 1, D-10117 Berlin
Fax: 030-5000 8996



Bundesministerium für wirtschaftliche Zusammenarbeit und Entwicklung
Fr. Heidemarie Wieczorek-Zeul
Europahaus, Stresemannstraße 94, D-10963 Berlin
Fax: 030-2503 2555
Email: poststelle@bmz.bund.de



Ausserdem an: Hr. Dr. Hans-Joachim Henckel
Vorsitzender des Interministeriellen Ausschusses für Hermesbürgschaften
Fax: 030-18615 5377